ماكڕۆن بەدوای رۆڵێك لە ناوچەكەدا دەگەڕێت

:: PM:10:21:15/02/2018 ‌

بەربەرەكانێ لە سووریا تەنیا لە نێوان هێزە ناوخۆییەكان نییە، بەڵكو كارەكە زۆر لەوە گەورەترە و بۆ وڵاتانی ناوچەكە و گەورە هێزەكانی دنیا گوازراوەتەوە، ئێستە لەسەر ئاستێكی باڵا هەریەك لە ئەمەریكا و رووسیا و لەسەر ئاستی ناوچەكەیش هەرەیەك لە ئێران و توركیا و لەسەر ئاستی دووریش سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و ئیسرائیل و لە سەرئاستی ناوخۆییش سوپای سووریا و كورد و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە رێكخراوە توندڕۆكان ململانێ دەكەن، لەو كاتەی فڕەنسا بەدوای رۆڵێك لە ناوچەكەدا دەگەڕێت.

ئیمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكی فڕەنسا دووبارە دووپات لەسەر سووربوونی وڵاتەكەی بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ رژێمی بەشار ئەسەد دەكاتەوە ئەگەر دەركەوت بە بەڵگەوە كە چەكی كیمیایی قەدەغەكراوی لە دژی هاووڵاتییانی سووریا بەكار هێناوە و گوتی، فڕەنسا گورزی سەربازی لە چەند ناوچەیەكی سووریا دەوەشێنێت ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەرمان دەست كەوت بەوەی رژێمی سووریا چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی لەدژی هاووڵاتییان بەكار هێناوە.

زیاتر گوتی، ئێمە گورز لەو شوێنانە دەوەشێنین كە ئەو چەكانەی لێ دەرچووە یان ئەو شوێنانەیشی پلانیان لێ دانراوەتەوە، بۆیە مسۆگەری پابەندبوون بە هێڵی سوور دەكەینەوە و روونی كردەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەڵگەمان بەدەستەوە نییە لەسەر بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی لە دژی هاووڵاتییان و هەر كاتێك دەستمان كەوت راستەوخۆ ئەوەی رامان گەیاند جێبەجێی دەكەین.

جان جاك نۆی، شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، رژێمی ئەسەد زۆر جار رژدی هەڕەشەكانی وڵاتانی رۆژئاوای تاقی كردووەتەوە كە راهاتوون لەسەر دیاریكردنی هێڵی سوور بۆی و سزاكانی لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و ئێستە ئەو دەزانی كە بابەتەكە بەكوێ دەگات، روونی كردەوە كە وڵاتانی رۆژئاوا لەوانەیش ئەمەریكا و فڕەنسا وای بۆ دەچن كە وەشاندنی هەر گورزێك هەوڵەكانی چارەسەری سیاسی لەناو دەبات و ئەوەیش وا دەكات كە ئەو كارە نەكەن.

برۆنۆ تیرترای، یاریدەری بەڕێوەبەری دامەزراوەی توێژینەوەی ستراتیژی لە پاریس دەڵێت، ئەو هێڵە سوورەی ماكڕۆن دیاری كردووە بە تەواوەتی پێشێل كراوە، بەڵام رەنگە ئەو كاتێك هێڵەكەی دیاری كرد بیری لە ئەنجامدانی هێرشێكی فرەوانی وەك ئەوەی غوتە و خان شیخۆن بە گازی سارین كردبێتەوە.

لای خۆیەوە تاریق عەجیب، نووسەر و رۆژنامەوان دەڵێت، ماكڕۆن بەدوای رۆڵێكی گەورەتر بۆ فڕەنسا دەگەڕێت یان بەدوای رۆڵێكی نوێ بۆ وڵاتەكەی كە ئێستە بەو ئاستە كاریگەرە نەماوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە فرەنساییەكان دەیانەوێت، بەتایبەتی لە سووریا و لە ماوەی رابردوو تەنیا هەڵوێستی پاڵپشتی بۆ وڵاتانی تر هەبوو، ئێستەیش ماكڕۆن دەیەوێت ببێتە هاوبەش بۆ ئەمەریكا كە یەكەم لایەن بوو كارتی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سووریا بەرز كردەوە و هێنایە پێشەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایش. بۆیە ئەمەریكا بەدوای هاوبەشێك دەگەڕێت كە ئەویش هاوبەشی ئەوروپایە و فڕەنسایش لە دوای ئامادە نەبوونی بەریتانیا هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ گرتنی پێگەیەكی گرنگ لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە ئاماژەی زۆر دەبینرێت بۆ ئەو هەوڵانەی وەك زیادكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و ئێران.

زیاتر گوتی، دەستگرتنی فڕەنسا بە پڕۆژە و ئامانجەكانی تایبەت بەخۆی لە دنیا بەتایبەتی لە سووریا كاریگەری هەیە بۆ سەر سەركەوتن بەسەر تیرۆر لە ناوچەكە و لە دنیایش، بۆیە ماكڕۆن هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پێگە و سەنگی وڵاتەكەی لە دنیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات لە رێگەی سووریاوە، ئێستە ئەمەریكا فایلی چەكی كیمیایی سووریای ورووژاندووە و لەو رێگەیەشەوە فڕەنسا دەتوانێت پێشوەچوون بەدەست بێنێت و رۆڵی فڕەنسا لێرە هەوڵدان بوو بۆ تێپەڕاندنی لیژنەی تایبەت بە چەكی كیمیایی بۆ تێپەڕاندنی پاساو بۆ ئەوەی بیەوێت هێرش بكاتە سەر سووریا، بەڵام رووسیا نەیهێشت، ئێستەیش لە هەوڵەكانیان بەردەوامن لە رێگەی چڕكردنەوەی هەوڵەكانی راگەیاندن و ئامادەكردنی رای گشتی و بۆیەش رێكخراوی (كلاو سپییەكان) بە كامێرا پێشكەوتووەكانیان لە شوێنی بۆردومانەكانی سوپای سووریا ئامادەن بۆ گواستنەوەی وێنەكان.

ئەنتوان شربنتینی، شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بارەوە دەڵێت، ماكڕۆن یەك شتی دەوێت ئەویش بەشداریكردنە لە ئاوەدانكردنەوەی سووریا كە ئەو بە چەندان رێگە هەوڵی دا بێتە ناو بوارەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، چونكە سووریایی و رووسیاییەكان رەتی دەكەنەوە فڕەنسا لەو پرۆسەیە بەشداری بكات، هاوكات ماكرۆن زیاتر كەسایەتییەكی ئابوورییە لەوەی سیاسی بێت، بۆیە ئەمڕۆ دۆسیەی چەكی كیمیایی دێننەوە بەرباس بۆ پاڵەپەستۆخستنە سەر سووریا و رووسیا، بەو مانایەی ئەوان دەڵێن كە ئەگەر رێگەمان نەدەن بۆ بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی سووریا ئەوە دەتوانین ئەو دۆسییە نوێ بكەینەوە. 

سەرچاوە: كیتابات




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل