كۆنگره‌ی ئاسایشی میونخ ساڵانه له ناوه‌ڕاستی مانگی شوبات/فێبرایه‌ر به دواوه، بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له شاری میونخی ئه‌ڵمانیا و شارانی تری دنیا به ئامانجی باشتركردنی ئاسایشی داهاتووی جیهان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر دنیا و ناكۆكی و گرژیی نێوان وڵاتان و به كۆتا هێنانی توندوتیژییه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێ، كه‌سانی خاوه‌ن بڕیار و كاریگه‌ر له چه‌سپاندنی ئاشتی و پاراستنی ئاسایشی دنیا به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.
بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1963 له شاری میونخی ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن ئیوالد هاینریش فۆن كلایست شمنزین دامه‌زرێنرا و داوا له ته‌واو به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی سنووری "ستاوفنبێرگ" كرا له میونخ كۆ ببنه‌وه، بۆ كۆتاهێنان به ململانێی سه‌ربازی، هاوشێوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهان، به‌وهۆیه‌وه سه‌ركرده و پسپۆر و سیاسه‌توانانی بواری ته‌ناهی له شاره‌كه كۆكرانه‌وه، یه‌كه‌م كۆنگره‌ی مینونخ له 1963 به به‌شداری 60 كه‌س به‌ڕێوه چوو، كه له نێویاندا هلمۆت شمیدت و هینری كیسنجه‌ر بوونیان هه‌بوو.
ئیوالد فۆن كلایستی دامه‌زرێنه‌ری كۆنگره‌كه له سه‌ره‌تاوه تا 1997 سه‌رپه‌رشتی كۆنگره و په‌نێل و كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌كرد، له 2009 تا 2008 هۆرست تلتشیك سیاسه‌تكار و به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری پێشووی فۆن بووه سه‌رپه‌رشتیاریی كۆنگره‌كه، دواتر له 2009 تا ئێسته وۆلفگانگ ئیشینجه‌ر سه‌رپه‌رشتی كۆنگره‌كه ده‌كات و دامه‌زراوه‌كه‌یشی كردووه‌ته دامه‌زراوه‌یه‌كی ناحكوومی و قازانج نه‌ویست.
له ماوه‌ی 1963 تا ئێسته، ته‌نیا له ساڵی 1991 به‌هۆی شه‌ڕی كه‌نداو و 1997 به‌هۆی خانه‌نشینبوونی دامه‌زرێنه‌ری كۆنگره‌كه، كاره‌كانی كۆنگره‌كه ته‌واو نه‌بوون و ئه‌نجام نه‌دراون، ئامانجی كۆنگره‌كه ئاشتی و ئارامییه، بۆیه ساڵانه سه‌رۆك و سه‌ركرده ته‌ناهی و كه‌سایه‌تی و دیپلۆماتكار و شاره‌زایان و سه‌ربازان و كه‌سانی ته‌ناهی بانگێشتی كۆوبونه‌وه‌كه ده‌كرێن، له‌سه‌ر گفتوگۆكردن له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی به‌رگرتن له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه ته‌ناهییه‌كانی داهاتوو كه به‌رۆكی وڵاتان ده‌گرێته‌وه، هاوكات پرسی چه‌سپاندنی ئاسایشی وڵاتانی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا به تایبه‌ت ده‌خرێته‌به‌رباس، جیا له‌وه‌یش هه‌ریه‌ك له چین و ژاپۆن و ئێران و ڕووسیا به‌شداری كۆنگره‌كه، به‌گشتی له زۆربه‌ی ساڵان نوێنه‌ر و به‌رپرسی باڵای نزیكه‌ی 70 وڵاتی دنیا به‌شداری كۆنگره‌كه ده‌كه‌ن و گفتوگۆ ده‌كه‌ن و بۆچوونه‌كان ده‌گۆڕنه‌وه، له‌باره‌ی لێك نزیككردنه‌وه‌ی بیرۆكه و پلانه‌كان و یه‌كخستنیان و گه‌شه‌پێدانی پێوه‌ندی وڵاتان و گرنگیدان به ئاسایشی ئه‌وروپا و جیهان.
كۆنگره‌كه زیاتر گفتوگۆ و ڕاوێژكاری و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت و كاری هاوبه‌شه له دوای كۆنگره‌كه له‌لایه‌ن وڵاتان به ئامانجی باشتركردنی ئاسایشی دنیا و نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان و نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كان له‌میانه‌ی كۆنگره‌كه و دیداریان له په‌راوێزی كۆنگره‌كه و بڕیاردان له‌لایه‌ن وڵاتانی به‌شداربوو له نێوان یه‌كتر، هاوكات زۆرجار ڕێككه‌وتنی وڵاتان و زلهێزانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه له‌سه‌ر كۆتایی هێنان به ته‌نگژه‌یه‌ك و داماڵینی وڵاتێك له چه‌ك و نه‌هێشتنی توندوتیژی له‌و ناوچه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له 2011 ڕووی دا، هه‌ریه‌ك له ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وتنێكی نوێیان له‌باره‌ی داماڵینی چه‌ك واژووكرد.
له ته‌ك ئه‌مه‌یش دا له كۆتایی هه‌ر كۆنگره‌یه‌كی میونشن، هه‌مووان له‌سه‌ر ڕاگه‌یه‌نراوێكی ڕۆژنامه‌وانی ڕێك ده‌كه‌ون و له میدیاكان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه. كۆنگره‌كه هه‌ر ته‌نیا له شاری میونخی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه ناچێ، به‌ڵكوو له 2011 له مۆسكۆ و 2011 له په‌كینی پایته‌ختی چین ساز كرا.
دامه‌زرێنه‌ری كۆنگره‌كه له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵه‌ی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌مووان له‌سه‌ر مێز و نه‌هێشتنی توندوتیژی و كۆتایی هێنا بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی له 2009 خه‌ڵاتی ئیوالد فۆن كلایست له‌لایه‌ن لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی ده‌ریاریی دامه‌زرێنرا، له 2010 هه‌ریه‌ك له هینری كیسنجه‌ر و خافێر سولانا حه‌ڵاتی ئیوالد فۆن كلایستیان پێ درا، كۆنگره‌كه وه‌ك ناوه‌ندێكی زۆر گرنگی تاوتوێ كردنی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ئاسایشی دنیا هه‌ژمار ده‌كرێت.
كۆنگره‌ی ساڵی ڕابردووی میونخ له 17 تا 19ی شوبات/فێبرایه‌ر له هۆتێلی بایریشر هۆڤ له میونخ به‌سترا، زیاتر ه‌ل 680 كه‌س به‌شداریان تێدا كرد، كه سه‌رۆك و سه‌رۆكی حكوومه‌تی 30 وڵاتی دنیا و نوێنه‌ری 60 ڕێكخروای نێوده‌وڵه‌تی و 65 گه‌وره بزنسمان بوونیان هه‌بوو، له نێو گوته‌بێژانیش ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرسی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و وه‌زیری به‌رپرسی جێمس ماتیس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا سێرگی لاڤرۆڤ و فیدریكا مۆگیرینی به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و وانگ یی وه‌زیریی ده‌ره‌وه‌ی چین، جیا له‌وانه 700 ڕۆژنامه‌نووس به‌شداری گواستنه‌وه‌ی ڕووماڵی كۆنگره‌كه‌یان كرد و نزیكه‌ی هه‌زار و 350 دیدار له نێوان به‌شدارانی كۆنگره‌كه به‌شێوه‌ی دوو قۆڵی ئه‌نجام دراون.
ئه‌مساڵ له ڕۆژانی 16 تا 18 كۆنگره‌ی ژماره 54ه‌مینی كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ ئه‌نجام ده‌درێ، زیاتر له 600 كه‌س له وڵاتانی دنیا و 21 سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و 75 وه‌زیری ده‌ره‌وه و به‌رگری لێ به‌شدار ده‌بێت، هاوكات فه‌رمانده‌ی پۆلیسی شاری میونخی هه‌رێمی باڤاریای ئه‌ڵمانیا فێرنه‌ر فایله‌ر ئاشكرای كرد، ئه‌مساڵ زیاتر له چوار هه‌زار پۆلیس و هێزی ته‌ناهی ڕه‌وشی ته‌ناهی ناوچه‌كه و ده‌وروبه‌ری هۆتێله‌كه بڵاوه‌یان پێ كراوه، بۆ ڕێگری له هه‌ر پێشێكارییه‌كی ته‌ناهی كه بێته ئه‌نجامدان.