تا دێت ناڕه‌زایییه‌كان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زیاتر ده‌بێت، له په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى واژوو بۆ لابردنى "یوسف گۆران" وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كۆ بكرێته‌وه، هاوكات له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كه‌دا ناڕه‌زایى له‌سه‌ر كارى وه‌زیر هه‌یه و باس له‌وه ده‌كرێ پرسه حزبییه‌كانى تێكه‌ڵى كارى وه‌زاره‌ت كردووه.
یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه هاوكات كادرى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانه له باڵى هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د، زۆرترین ده‌ركه‌وتنه‌كانى له بۆنه حزبییه‌كان و ئه‌و چالاكییه زانكۆیانه‌دا هه‌یه كه له سنوورى سلێمانى ئه‌نجام ده‌درێن.
مانگى ڕابردوو به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى چاوپێكه‌وتنێكى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له یه‌كێك له گۆڤاره‌كانى سلێمانى، ناڕه‌زایى له‌ناو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا دروست بوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى یوسف گۆران ئه‌وه‌نده‌ى باسى كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌ى و كێشه ناوخۆیییه‌كانى یه‌كێتى كرد، ئه‌وه‌نده باسى پرسى زانستى و خوێندنى نه‌كردووه و ئه‌وه‌یش نیگه‌رانى لاى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زاره‌ته‌كه دروست كرد.
به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌ن، بڕیاره دارایى و كارگێڕییه‌كان ده‌دات
به‌پێى پێڕه‌وى ناوخۆى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وه‌زاره‌ته‌كه ئه‌نجوومه‌نێكى ده‌بێت كه سه‌رۆكى هه‌موو زانكۆكانى كوردستان تێیدا ئه‌ندام ده‌بن و ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نه‌كه مانگانه كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجام بدات و بڕیار له‌سه‌ر پرسه گرنگه‌كان بدات، به‌ڵام ماوه‌ى زیاتر له چه‌ندان مانگه ئه‌نجوومه‌نه‌كه هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نه‌كردووه، وه‌زیرى خوێندنى باڵایش به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌نه‌كه بڕیاره دارایى و كارگێڕییه‌كان ده‌دات. به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه" ئه‌گه‌ر پرسه‌كه زۆر گرنگ بێت، ئه‌وه به ته‌له‌فۆن سه‌رۆكى چه‌ند زانكۆیه‌ك كه ئه‌ندامن له ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دا ئاگه‌دار ده‌كاته‌وه.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یى سه‌رۆكى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین زانیارییه‌كانى "وشه" پشتڕاست ده‌كاته‌وه و نیگه‌رانه له‌وه‌ى كه ئه‌وان وه‌ك ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا له بڕیاره‌كان پرسیان پێ ناكرێت. دزه‌یى ده‌ڵێت، ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا نیگه‌رانن له‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نه‌كه كۆ نابێته‌وه و هۆى ئه‌وه‌یش نازانن و پرسیار لاى ئه‌ندامان دروست بووه، چونكه ئه‌نجوومه‌نه‌كه به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته له‌ناو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و ده‌بێ له‌وێوه بڕیاره‌كان یه‌كلا بكرێته‌وه.
سه‌رۆكى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا ڕاى گه‌یاند، به‌پێى یاسا ده‌بێ مانگى جارێك ئه‌نجوومه‌نى زانكۆكه كۆ ببێته‌وه و زۆر له بڕیاره‌كانیش به‌بێ ئه‌نجوومه‌ن دراون و زۆرجاریش به ته‌له‌فۆن ئاگه‌دار كراوینه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند داهاتێكى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه"، به بڕیارى حكوومه‌ت به‌شێك له داهاته‌كه بۆ وه‌زاره‌ت خه‌رج ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام جگه له یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا هیچ كام له ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه ئاگه‌دارى ورده‌كاریى خه‌رجكردنه‌كه نین.
سه‌رۆكى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین ئاشكراى كرد كه ئه‌وان ئاگه‌دارن به‌شێك له‌و داهاته بۆ وه‌زاره‌ت خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام ئاگه‌دارى ورده‌كاریى خه‌رجكردنه‌كه نین. روونى كرده‌وه "وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا به‌رپرسه له یه‌كسانكردنى بڕوانامه‌كانى ماسته‌ر و دكتۆرا و ئه‌وه‌یش له رێى لیژنه‌یه‌كه‌وه ده‌كرێ، به‌ڵام هیچ كام له زانكۆكان ئاگه‌دارى ورده‌كاریى ئه‌و پرۆسه‌یه نین".
"گومان له ئاشكرا نه‌كردنى ریزبه‌ندیى زانكۆكان هه‌یه"
مامۆستایه‌كى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین كه پێى باش نه‌بوو ناوى بڵاو بكرێته‌وه، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، هه‌ست كراوه كه ڕاسته‌وخۆ وه‌زیرى خوێندنى باڵا، زانكۆكانى سه‌ڵاحه‌دین و سۆران و سنوورى هه‌ولێرى فه‌رامۆش كردووه، ئه‌وه‌یش نیگه‌رانى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
له به‌رانبه‌ر ناڕه‌زایى ئه‌و مامۆستایانه‌ى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، سه‌رۆكى زانكۆكه نه‌یشارده‌وه كه "له سه‌رده‌مى ئه‌م وه‌زیره‌دا چالاكییه‌كانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین باس ناكرێت، وه‌زیر زۆرتر به‌شداریى چالاكییه‌كانى سلێمانى ده‌كات و ڕه‌نگه ئه‌وه پێوه‌ندى به زۆرى مانه‌وه‌ى وه‌زیر له سلێمانى هه‌بێت".
"نیگه‌رانین له‌وه‌ى له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو ریزبه‌ندى زانكۆكان ڕاده‌گه‌یه‌نرا، به‌ڵام ئه‌مساڵ تا ئێسته هیچ زانیارییه‌ك نییه كه ئه‌و ریزبه‌نده ڕابگه‌یه‌نرێت، ئه‌وه‌یش گومانى لا دروست كردووین" دكتۆر ئه‌حمه‌د دزه‌یی وای گوت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌یش دا كه له‌سه‌ر پرسى ریزبه‌ندى زانكۆكان، پرسیاریان له وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا كردووه و وه‌ڵامیان نه‌داونه‌ته‌وه.
له‌باره‌ى ڕانه‌گه‌یاندنى ریزبه‌ندى زانكۆكان "وشه" پێوه‌ندى به عه‌باس ئه‌كره‌م گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاوه كرد، به‌ڵام ڕاى گه‌یاند، پرسیار ده‌كات و دواتر وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه.
"له په‌رله‌مانه‌وه هه‌وڵى لابردنى وه‌زیرى خوێندنى باڵا ده‌درێت"
په‌رله‌مانتارێك: به‌پێى قسه‌ى وه‌زیر بێت هه‌رێم پێشی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان كه‌وتووه
ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رقاڵى كۆكردنه‌وه‌ى واژوون بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر كار لابدرێت. په‌رله‌مانتارێك نایشارێته‌وه كه ئه‌و هه‌وڵه هه‌یه و ڕاى گه‌یاند، وه‌زیرى خوێندنى باڵا ئاماده نییه بێته په‌رله‌مان و ئاشكراى كرد، له ماوه‌ى كارى وه‌زیریدا ته‌نیا دوو جار یوسف گۆران چووه‌ته كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى خوێندنى باڵا له په‌رله‌مانى كوردستان.
شوكریه شێخانى ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده و خوێندنى باڵا له په‌رله‌مانى كوردستان، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا كه كۆمه‌ڵێك كه‌س و پسپۆڕیى له‌ژێر چه‌تریدایه، به‌ڵام وه‌زیر كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارى كردووه كه له‌گه‌ڵ دۆخى ئێسته‌ى كوردستان ناگونجێت، به‌تایبه‌تى له ڕووى ئابوورییه‌وه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، هه‌ریه‌ك له خوێندنى پارالێڵ و خوێندن به پاره قورسایى خستنه سه‌رشانى خوێندكاران له‌ڕووى دارایییه‌وه، كێشه‌ى دروست كردووه و خه‌ڵكێكى زۆر سكاڵایان له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه تۆمار كردووه به‌تایبه‌ت خوێندكارانى تواناسازى و پڕكردنه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆ.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى كوردستان ڕوونى كرده‌وه كه هه‌ندێك له خوێندكاران له سكاڵاكانیان ئاماژه‌یان به‌وه كردووه "چه‌ند جارێك تاقیكردنه‌وه‌ى توانستیان كردووه كه هه‌ر جارێك به زیاتر له 60 دۆلار بووه، زۆریش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئۆتۆمبێل و شتى ماڵه‌وه‌یان فرۆشتووه و وه‌ریش نه‌گیراون و وه‌زیر گوێ به كه‌موكوڕییه‌كان نادات".
هه‌رچه‌نده پرسى تواناسازى له هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام نیگه‌رانى و ناڕه‌زایى له‌سه‌ره، به‌ڵام له دوایین كێشه‌ى ئه‌و پرسه‌دا هه‌ڵبژاردنى لیستى تواناسازییه بۆ وه‌رگرتنى پاره‌ى خوێندنه‌كانیان، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه پێدانى پاره‌كه به‌پێى پیتى "ئه‌بجه‌دی" دانراوه، زۆر له خوێندكاران بێبه‌ش بوون.
خوێندكارێكى تواناسازى، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، به‌پێى لیستى پێدانى پاره‌ى تواناسازى بێ كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاوه دانراوه، ئه‌و پیتانه‌ى له لیستى پیتى ئه‌بجه‌دى ده‌كه‌ونه كۆتا، دواى چه‌ندان ساڵ له كۆتاهاتنى خوێندنه‌كانیان پاره‌كه‌یان وه‌رناگرن كه ئه‌وه‌یش سیسته‌مێكى هه‌ڵه‌یه.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى كوردستان زانیاریى ئه‌و خوێندكاره پشتڕاست ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، چه‌ندان سكاڵاى له‌و شێوه‌یه به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه و ئێسته له په‌رله‌مانى كوردستان كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
شوكریه شێخانى له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا گوتی، چه‌ند جارێك داواى بانگێشتى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى كراوه، به‌ڵام نه‌ك نایه‌ت بۆ هۆڵى په‌رله‌مان، به‌ڵكو ئاماده نییه بێت بۆ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى خوێندنى باڵایش، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بۆ بانگهێشتكردنى به‌رده‌وامه.
"له‌م خوله‌دا دوو جار هاتووه‌ته كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى خوێندنى باڵا و جاره‌كانى تریش له ڕێى نوێنه‌ر یان ڕاوێژكاره‌كانى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كانى وه‌رگرتووه". شێخانى وا ده‌ڵێ.
دووپاتیشی كرده‌وه كه به‌شێك له‌و داتایانه‌ى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاوه بڵاو ده‌كرێنه‌وه ڕاست نین و له‌وباره‌یه‌وه رای گه‌یاند "وه‌زیرى خوێندنى باڵا گوتی دوو هه‌زار ماسته‌ر و دكتۆرا له توانستى زمان ده‌رچوون، به‌ڵام به‌پێى به‌داوداچوونه‌كان ژماره‌یه‌كى زۆر له‌وه كه‌متر توانیویانه ده‌ربچن له‌و سێ هه‌زار كه‌سه‌ى كه كاندید بوون".
"به‌پێى داتاكانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بۆ توانستى زمان، هه‌رێمى كوردستان پێش وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان كه‌وتووه كه وه‌زیرى خوێندنى باڵا ده‌ڵێ به‌پێى ستانده‌ردى جیهانى دوو هه‌زار كه‌س ده‌رچووه، چونكه له هیچ وڵاتێكدا شتى وا نییه". په‌رله‌مانتاره‌كه وا ده‌ڵێ.
شوكریه شێخانى ئاشكراى كرد كه هه‌وڵێك هه‌یه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه بۆ واژوو كۆكردنه‌وه و لابردنى وه‌زیرى خوێندنى باڵا، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا كه هه‌ڵبژاردن نزیكه و حكوومه‌ت گۆڕانكارى ناكات، تا ڕاده‌یه‌ك ئه‌و پرسه ئه‌سته‌مه.
له شه‌ش مانگدا 13 داوا له‌سه‌ر خوێندنى باڵا تۆمار كراوه
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه" له ماوه‌ى ته‌نیا شه‌ش مانگى ساڵى ڕابردوودا 13 داوا له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تۆمار كراوه، هاوكات پرۆسه‌ى وردبینى له بڕوانامه‌ى ماسته‌ر و دكتۆرا به‌رده‌وامه.
وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى 260 پسپۆڕیى و 895 پڕۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر و هه‌زار و 839 مامۆستایه و له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌ست كراوه به وردبینى له بڕوانامه‌ى دكتۆرا.
موشیر ره‌شید ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاروباری یاسایی له ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پرۆسه‌ی وردبینیكردن له بڕوانامه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له ڕێی لیژنه‌یه‌كه‌وه به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆى زۆرى دۆسیه‌كان تا ئێسته هیچ ئه‌نجامێكى ورد ده‌رنه‌كه‌وتووه.
ورده‌كاری پرۆسه‌كه‌یشی خسته ڕوو به‌وه‌ی كه له ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی وردبینی له بڕوانامه و پسپۆڕیی مامۆستایانی زانكۆ ده‌كرێت، چونكه گومان له‌سه‌ر هه‌ندێك بڕوانامه هه‌یه له زانكۆكاندا و ئێسته پرۆسه‌ی وربینی بۆ بڕوانامه‌ی دكتۆرا ده‌ستی پێ كردووه كه ژماره‌یان دوو هه‌زار و 300 بڕوانامه‌ی دكتۆرایه، به‌پێى داتاكانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا، هه‌رچه‌نده گومانمان هه‌بوو دوو هه‌زار و 900 بڕوانامه‌ی دكتۆرا هه‌بن له زانكۆ حكوومییه‌كان.
"وشه" له‌سه‌ر ته‌واوى ئه‌و زانیارییانه‌ى ناو ڕاپۆرته‌كه پێوه‌ندى به‌چه‌ند به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه كرد، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه و گوته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كه‌یش ڕاى گه‌یاند، له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه پرسیار ده‌كات و دواتر وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كى پێ ڕانه‌گه‌یاندینه‌وه.