ئەمیرێكی داعش نهێنییەكان دەدركێنێ
داعش ئێستە خەریكی چییە و لە داهاتوودا چی دەكات

:: AM:10:52:17/02/2018 ‌


ئەندامێكی پێشووی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، هۆشداریی دایە وڵاتان كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش خەریكی خۆ ڕێكخستنەوە بۆ دووبارە دروستكردنەوەی خۆی و دەركەوتنی بەشێوەیەكی بەهێزتر لە جاران، دوای ئەو شكستە زۆرانەی لە سووریا و عێراق لە چەندان مانگی ڕابردوو تووشی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە بوو.

"ئەبو سەقەر" كە پێشتر  ئەمیری پۆلیسی شاری ڕەقەی پایتەختی داعش لە سووریا بوو لە لێدوانێكی بۆ "سكای نیوز" لە سنووری نێوان سووریا و توركیا لەبارەی ئەو كاتە قسەی كرد كە لە ژێر فەرمان و دەسەڵاتی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوو و گوتی، ناچار بووم بچمە ڕیزی تیرۆریستانەوە، بابەتەكە لە دەرەوەی ئیرادە و دەسەڵاتی من بوو، بۆیە دوای چوونیشم بۆ ناو داعش، دەستم كرد بە هەوڵەكانم بۆ وەستاندنی دادگاییكردنی بە پەلەی خەڵك و بێ لێكۆڵینەوە كوشتن و سەربڕین و لە سێدارەدانیان.

ئەو ئەمیرەی پێشووی داعش دەڵێ، لەو ماوەیەی ئەمیری پۆلیسی ڕەقە بووم، یارمەتی خەڵكێكی یەكجار زۆرم دا و ڕێم نەدا حوكمی لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت، كە تەنیا پێشێلكاری زۆر بچووكیان بەرانبەر بە سیستەمی توندی ئاینی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجام دابوو.

لەبارەی زانیاری و پلانی داهاتووی تیرۆریستانی داعش، ئەبو سەقەر گوتی، لیبیا بنكەی نوێی تیرۆریستانی داعش دەبێ، ئێستە ئەو وڵاتەیش بووەتە دەرگەی هاتنی چەكدارانی داعش بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بە چڕی خەڵكی لێ ڕەوانە دەكرێ و سەرجەمی تیرۆریستانیش هەوڵ دەدرێ لە لیبیا كۆ ببنەوە.

زیاتر گوتی، داعش لە لیبیا زۆرترین شانەی نوستووی هەیە و لە داهاتوویەكی زۆر نزیك لیبیا دەبێتە بارەگای سەرەكی تیرۆریستانی داعش و لەوێ جارێكی تر بە هێزەوە دەردەكەونەوە.

رێكخراوی تیرۆریستی داعش دوای كوشتنی ئەبو موسعەب زەرقاوی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی تاڵیبان لە عێراق و پەرتبوونی ئەندامی قاعیدە لە عێراق و گرتنی زۆربەیان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا و بەندكردنیان لە گرتووخانەی بووكا و دواتر راكردن و دەربازبوونیان، زۆرینەیان روویان كردە وڵاتی سووریا و لەوێ دەستیان بەكاری رێكخستن و كۆكردنەوەی تیرۆریستان كرد، دوای دەست پێكردنی ئاڵۆزییەكانی لە وڵاتی سووریا لە ئەنجامی درێژبوونەوەی بەهاری عەرەبی و داپۆشینی سووریاش، ئەو رێكخراوە بە سەرۆكایەتیی ئەبوبەكر بەغدادی دەستیان بە جموجۆڵ كرد و توانییان سێیەكی خاكی سووریا كۆنتڕۆڵ بكەن، لە رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 ئەوان لە سووریاوە پەڕینەوە عێراق و پاش راكردنی سێ فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و دەیان هەزار ئەندامی هێزەكانی پۆلیسی مووسڵ، توانییان شاری مووسڵی دووەم گەورە شاری عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن و دواتریش پێشڕەوییان كرد بۆ ناوچەكانی باشووری كەركووك و پارێزگەی سەڵاحەدین و ئەنبار و بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگەی دیالە و توانییان رووبەرێكی فرەوانی خاكی عێراقیش داگیر بكەن، لە مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014 دوای ئەوەی داعش بەرەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پێشڕەوی كرد و هەردوو شارۆكەی مەخموور و شارەدێی گوێڕی كۆنتڕۆڵ كرد كە نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورن، هێزەكانی ئاسمانی ئەمەریكا لەسەر فەرمانی سەرۆكی ئەمەریكا راستەوخۆ بەشدارییان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش كرد و دەستیان بە بۆردمانی تیرۆریستان كرد و دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا پێكهێنرا كە زیاتر لە 60 وڵاتی دنیا بە فڕۆكە و چەك و مەشق و راهێنانی هێزەكانی ناوچەكە بەشدارن.

ئەبوبەكر بەغدادی ناوی راستەقینەی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە، لە 28 حوزەیران/یۆنیۆی 1971 لە نزیك شاری سامەڕا لە دایك بووە و هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقییە و لە زانكۆی بەغدا بەكالۆریۆسی لە یاسا بەدەست هێناوە و دواتر لە كۆلێژی شەریعەی ئیسلامی هەمان زانكۆ بەكالۆریۆسی لە توێژینەوەی قورئان و ماستەری شێوەی خوێندنەوەی قورئان و دواتریش دكتۆرای بەدەست هێناوە، بەر لە 2003 و ڕووخاندنی بەعس لە مزگەوتێكی بەغدا ئیمام و خەتیب بووە، دوای ڕووخانی بەعس، پێوەندی بە رێكخراوی تیرۆریستانی قاعیدە كردووە و لەگەڵ ئەبو موسعەبی زەرقاوی سەرپەرشتی كارە تیرۆریستییەكانی قاعیدەیان لە عێراق كردووە. دوای لەناوبردنی زەرقاوی و گرتنی زۆرینەی ئەندامانی قاعیدە لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، بەرەو سووریا ڕای كردووە و لەوێ رێكخراوی تیرۆریستی داعشی دامەزراندووە و خۆیشی وەك رابەڕی گرووپەكە كاری كردووە و لە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە جیا بوونەتەوە، لە 2014 دوای گرتنی ناوچەیەكی زۆری سووریا، هاتنە عێراق و دەستیان بەسەر سێیەكی خاكی عێراقدا گرت و لە مزگەوتێكی شاری مووسڵ "خەلافەت"ی داعشی ڕاگەیاند و خۆیشی وەك "خەلیفە" ناساند، ئەمەریكی بڕی 10 ملیۆن دۆلاری پێشتر بۆ هەر كەسێك ڕاگەیاند كە شوێنی ئەبوبەكر بەغدادییان بۆ ئاشكرا بكات.



وشە - باز ئه‌حمه‌د