ئەمڕۆ بەرشەلۆنە دەیەوێ ژمارەیەكی پێوانەیی لە خولی ئیسپانیا تۆمار بكاتەوە

:: PM:01:40:17/02/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنە خوازیارە لە یارییەكەی ئەمڕۆی شەموودا بەرامبەر یانەی ئیبار ژمارەیەكی پێوانەیی لە خولی ئیسپانیا تۆمار بكاتەوە ئەویش نەدۆڕانە لە زۆرترین یاریدا.

ئەمڕۆ یەكشەم سەعات 6:15ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستانی یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دەبێتە مێوانی ئیبار.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە خوازیارە ژمارە پێوانەییەكەی پێشووی پێپ گواردیۆلا لە خولی ئیسپانیا یەكسان بكاتەوە كە نەدۆڕانە لە 31 یاریی لەدوای یەكدا (25 سەركەوتن و 5 یەكسانبوون).

بۆ خوێنەرانی (وشە) هەندێ لە زانیاری لەبارەی یارییەكەی ئەمڕۆی نێوان ئیبار و بەرشەلۆنە دەخەینەڕوو:-

یانەی ئیبار 7 یاری یەك لە دوای یەكی لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە دۆڕاندووە و 26 گۆڵی خواردووە و تەنیا 4 گۆڵی تۆمار كردووە.

یانەی ئیبار 7 یاری لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا دۆڕاندووە و هاوتای یانەی ئەتلەتیك بیلباو زۆرترین دۆڕانی لەسەر دەستی یانەی بەرشەلۆنە چەشتووە.

یانەی ئیبار لە 12 یاری رابردوویدا لە خولی ئیسپانیا تەنیا یەك یاری دۆڕاندووە (8 سەركەوتن و 3 یەكسانبوون).

ئەگەر تەنیا ئەو 12 گەڕە هەژمار بكرێ، یانەی ئیبار لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دەبو بەكۆكردنەوەی 27 خاڵ و بەجیاوازی 2 خاڵ لەگەڵ یانەی پێشەنگ كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەبوو بە 29 خاڵ.

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە هەر شەش یاری رابردوودا بەرامبەر یانەی ئیبار گۆڵی تۆمار كردووە و ژمارەی گۆڵەكانیش 12 گۆڵ بووە.
میسی بە بەراود لەگەڵ سەرجەم یاریزانان زۆرترین گۆڵی لە یانەی ئیبار تۆمار كردووە.

جۆزێ لویسی راهێنەری یانەی ئیبار تا ئێستا 16 یاری لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامداوە و تەنیا لە یەك یاریدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە، 14 یاری دۆڕاندووە و لە یارییەكیشدا یەكسان بووە.

جۆزێ ئەمڕۆ 100مین یاریی لەگەڵ یانەی ئیبار لە خولی ئیسپانیا ئەنجام دەدات كە تێیدا 36 یاری بردووەتەوە، 24 یاری یەكسان كردووە و 39 یاریشی دۆڕاندووە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بە كۆكردنەوەی 59 خاڵ لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیایە و یانەی ئیباریش 35 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 7ی یانەكاندایە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م