فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان پێشنیارى نوێیان بۆ بودجه‌ هه‌یه‌

:: PM:01:46:17/02/2018 ‌

 سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى ده‌كات، فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان پێشنیارى نوێیان بۆ بودجه‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێ، "جگه‌ له‌ سوننه‌كان 50 په‌رله‌مانتارى شیعه‌مان له‌گه‌ڵدایه‌".

 ئه‌مڕۆ عه‌ره‌فات كه‌ره‌م سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باس له‌ بودجه‌ ده‌كات و  ده‌ڵێ، "فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان پێشنیارى نوێیان بۆ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ هه‌یه‌".

 عه‌ره‌فات باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مڕۆ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌  په‌رله‌مان عێراق له‌سه‌ر ئاستى سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان كۆ ده‌بنه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌ندامانى كورد له‌ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق به‌شدار ده‌بن، بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیاره‌ نوێیانه‌ كه‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان به‌م دواییانه‌ له‌سه‌رى رێككه‌وتوون.

 له‌ باره‌ى تێپه‌ڕكردنى بودجه‌ عه‌ره‌فات كه‌ره‌م  به‌دوورى ده‌زانێت بودجه‌ په‌سه‌ند بكرێت و ده‌ڵێ، "جگه‌ له‌ سوننه‌كان، 50 په‌رله‌مانتارى شیعه‌مان له‌گه‌ڵدایه‌ ئه‌وانیش له‌ بودجه‌ ناڕازین و به‌شدار نابن".

عه‌ره‌فات كه‌ره‌م ناوه‌ڕۆكى پێشنیاره‌ نوێیه‌كانى كورد ئاشكرا ناكات، ته‌نیا ده‌ڵێ، "ئه‌مڕۆ بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ین و دواتر به‌ حكوومه‌تى عێراقى ده‌ده‌ین".

 له‌ دوو مانگ نزیك ده‌بێته‌وه‌، په‌رله‌مانى عێراق نه‌یتوانیوه‌ بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى 2018 په‌سه‌ند بكات، ناڕه‌زایى كورد له‌ بودجه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ رێژه‌ى %17ى لێ كه‌م كراوه‌ته‌وه‌.

 سه‌رچاوه‌ / شه‌فه‌ق نیوز


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل