كڕووس بەرامبەر پاریس سان جێرمان سەعاتێك بە پێكانەوە یاری كردبوو
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەفەرمی پێكانی ئەستێرە ئەڵمانییەكەی توونی كڕووسی راگەیاند، بەڵام ئاشكرای نەكرد ماوەی چەند لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: كڕووس لە یارییەكەی هەفتەی رابردووی یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ماوەی نزیكەی سەعاتێك بە پێكانەوە یاریی كردبوو.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: كڕووس لە خولەكی 34ی گێمی یەكەمدا بەهۆی قاچێكی كیلیان مباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان تووشی پێكان ببوو، بەڵام تا كۆتایی لە یاریكردن بەردەوام بوو و داواشی نەكردبوو گۆڕانكاری پێ بكەن.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: كڕووس لەو یارییەدا سەرەڕای ئەوەی تووشی پێكان ببوو، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ سەرجەم یاریزانان زۆرترین راكردنی ئەنجامدابوو كە 13 كیلۆمەتر و نیو بووە.
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان رەنگە بەهۆی ئەم پێكانەوە كڕووس ماوەی 20 رۆژ لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە و لە یارییەكانی بەرامبەر ریال بیتیس، لیگانیس، ئەلاڤێس و خیتافی لە خولی ئیسپانیا یاری نەكات، بەڵام دیار نییە بۆ یاریی گەڕانەوە بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان ئامادە دەبێت یان نا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم