پێشبینی لافاو دەكرێت

:: PM:02:45:17/02/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەمشەو لەگەڵ سبەی لە چەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان ئەگەری دروستبوونی لافاو دەكرێت، شارەزایەكی بواری كەشناسیش دەڵێت بارانی ئەمشەو بە خوڕ و خێرایە.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی شوبات، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای سپی ناوەڕاست لەسەر هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئەگەری لافاو لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە رۆژهەڵات و ناوچەی ئیدارەی گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕین لە كاتەكانی شەودا تا بەرەبەیانی 18/2/2018، واتا سبەی هەیە.

هێمن كەریم شارەزا لە بواری كەشوهەوا بۆ "وشە" دەڵێت، ئەگەری لافاو بەهۆی تێكەڵبوونی دوو پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستە كە ئەوەی یەكەمیان بارانێكی بەخوڕ دەبارێت و ئەوەی دووەمیشیان بڕێكی زۆری شێی هەڵگرتووە، لەبەیەك گەیشتنیان شەپۆلێكی چڕی بارانبارین دروست دەكات.

ئەو شارەزایەی كەشوهەوا دەڵێت، لە كاتی شەودا بەهۆی ئەوەی ماوەی 10 ڕۆژە بەردەوام بارانە لە هەرێمی كوردستان، پلەكانی گەرما زۆر نزم دەبێتەوە لە هەندێك شوێن دەگاتە سفر پلەی سەدی، شەپۆلی بارانبارینەكە كاریگەرتر دەبێت.

هەرێمی كوردستان كاریگەرە بە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور و كەنداوی عەرەب كە ساڵانە لە بەرزترین ئاست لە هەزار ملیم باران دەبارێت و لە نزمترین ئاستدا 150 ملیم دەبارێت.



وشە - رامیار جەواد