مەسروور بارزانی: هەرێمی كوردستان چاوەڕێی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بەغدا دەكات

:: PM:02:47:17/02/2018 ‌
مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بەغدا هەندێك بیانوو و پاساوی هەیە كە ئێمە پێمان وایە لەجێی خۆیاندا نین.

ئەمڕۆ شەموو 17ی شوبات، مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكانی داوە و هەرێمی كوردستان چاوەڕێی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بەغدا دەكات.

زیاتر گوتی، ئێمە چاوەڕێین دەستوور بە گشتی چارەسەر بكرێت، بەغدا هەندێك بیانوو و پاساوی هەیە كە ئێمە پێمان وایە لەجێی خۆیاندا نین، لە ئەنجامی ئەو ڕەوشەدا بە گشتی فشارێكی زۆر كەوتووەتە سەر ملی خەڵكی بێگوناهی هەرێمی كوردستان.

لێدوانەكەی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن هات بۆ كەناڵی كوردستان 24 و ڕوونی كردەوە كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی شاندێكی تەناهی دامەزراوەكانی كوردستان و لەسەر ئاستێكی سیاسییە كە بەشداریی حكوومەتە، بۆ كۆنگرەكە بانگهێشت كراوە و چەندان چاوپێكەوتنمان لەگەڵ دامەزراوەكانی دنیا هەبووە.

"لەگەڵ عەبادی گفتوگۆمان كرد بۆ فڕۆكەخانەكانیش گوتی ئامادەین هەندێ شتی تەكنیكی هەیە و ئامادەین بیكەینەوە، باوەڕ ناكەم لای هەرێمی كوردستان ئاستەنگ هەبێ" ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وای گوت.

كۆنگرەی ئاسایش و بەرگری میوشن، لە دوێنێوە دەستی پێ كردووە، هەرێمی كوردستان بە شاندێكی باڵا لە كۆنگرەكە بەشدارە، ئەمڕۆش لە پەراوێزی كۆنگرەكە شاندی هەرێمی كوردستان لە گەڵ عەبادی كۆ بووەتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم