لیژنەی تایبەت بە ئەنفلۆنزای باڵندە لە کوردستان کۆدەبێتەوە

:: AM:11:36:22/11/2016 ‌

لیژنەی باڵای تایبەت بە ئەنفلۆنزای باڵندە لە کوردستان سەبارەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە بەمزووانە کۆدەبێتەوە و بڕیاری گونجاو بۆ ئەو پرسە دەردەکات.

حوسێن حەمە کەریم بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ بە وەکالەت بۆ "وشە" ئاشکرای کرد ئاگاداری ئەو راپۆرتەن کە لە لایەن رێکخراوی جیهانیی تەندروستی تایبەت بە ئاژەڵان بڵاو کراوەتەوە و تیایدا باس لە بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ئەنفلۆنزای باڵندە دەکا لە هەندێک شوێنی جیهان.

ئەو رەتی کردەوە تاوەکوو ئێستە لە کوردستان هیچ حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار کرابێت و گوتیشی لیژنەکە هاوبەشە لە نێوان وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ و کشتوکاڵ و چەند لایەنێکی تر و لە کۆبوونەوەکە بڕیاری گونجاو بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزاکە دەردەکرێت.

رێگریکردن لە هاوردەکردنی مریشک و چاودێری کێڵگەکانی پەلەوەر لەو بڕیارانەن لەوانەیە لیژنەکە دەریانبکات. بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەش کرد کە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانیشیان لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان ئاگادر کردووەتەوە کە لە سنووری خۆیان چاوکراوە ببن و رێوشوێنی پێویست وەربگرن.

 بەگوتەی حوسێن حەمە کەریم ئەنفلۆنزای H5N8 جۆرێکی نوێی ئەنفلۆنزای باڵندەیە و ڤایرۆسەکە ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە ساڵانە لە شێوەی جیاواز خۆی نوێ دەکاتەوە و پارەکەش لە عێراق ئەو حاڵەتە بینرا و تا سەرەتای هاوینی ئەمساڵ درێژەی هەبوو.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سامانی ئاژەڵ وەرزی سەرما وەرزێکی لەبارە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە ئەنفلۆنزایە  و بۆیەش لە هەندێک وڵاتی جیهان لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوا حاڵەتەکە هەست پێکراوە.

تا ئێستە بەرودی دیار نییە زیانی ئەو جۆرە ڤایرۆسە بۆسەر مرۆڤ چییە، بەڵام ئەوەی زیاتر بەدی دەکرێت زیانە ئابوورییەکانییەتی و لە هەر وڵاتێک بڵاو ببێتەوە ئەوا کەرتی سامانی ئاژەڵی ئەو وڵاتە لە رووی ئابوورییەوە زیانی بەردەکەوێت.

شەوی رابردوو رێکخراوی جیهانیی تەندروستی ئاژەڵان ئاشکرای کرد جۆرە ڤایرۆسێکی باڵندە لە جۆری H5N8 لە هەندێک پەلەوەرگەی تاران بڵاوبووەتەوە.

رێکخراوەکە لە ماڵپەڕەکەی باسی لەوە کردووە کە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە تاوەکوو ئێستە پێنج هەزار و ٦٠٠ باڵندەی لە کۆی ئەو ٢٨٣ هەزار و ٥٠٠ باڵندەیە لە ناوبردووە کە لە پەلەوەرگەکانی تاران بەخێو دەکرێن.

هاوکات ئاژانسی تەسنیمیش لە زاری وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران ئەو هەواڵەی پشتراست کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە حاڵەتەکان لە هەندێک پەلەوەرگەی تاران بڵاوبوونەوەتەوە.

بەرپرسانی تەندروستی ئێران دەڵێن خەریکی بەدواداچوونن بۆ ئەوەی بزانن سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە ڤایرۆسە چییە و بە چ شێوەیەک دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن.

لە لایەکی ترەوە محەمەد یوسفی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەلەوەرگەکانی تاران ئەوەی خستەڕوو کە تیمەکانیان دەستیان بە هەڵمەتی بنبڕکردنی ڤایرۆسەکە کردووە و بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە جووجەڵەکانیان کوتاوە و ئەو شوێنانەش کە ڤایرۆسەکەیان لێ بڵاو بووەتەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندان.

 لە ئێران هەندێک دەزگای تەندروستی هۆشدارییان داوەتە خەڵک تا ئەو کاتەی لە سەلامەتی مریشک دڵنیا نەبن بە شێوەی هەڕەمەکی لە بازاڕەکان دابینی نەکەن و سود لە گۆشتەکەی وەرنەگرن.

ئەوان پێیان وایە باڵندە کێوی و کۆچەرەکان هۆکاری گرنگن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ئەنفلۆنزایە و لەوانەیە لە گوندەکان باڵندە خۆماڵییەکانیش تووشی ئەو ڤایرۆسە ببن. ئێستە لە ئێران لایەنە پێوەندیدارەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان بەگەڕ خستووە تا رێگری لەوە بکەن ڤایرۆسەکە لە کێڵگەکانی پەلەوەری تارانەوە بۆ پارێزگاکانی تری ئەو وڵاتە بگوازرێتەوە. ئێران یەکێکە لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک لە ناوچەکە و ئەگەر ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری ئێران بڵاو ببێتەوە ئەوا کاریگەریی خراپ دەخاتە سەر ئابووری سامانی ئاژەڵ لەو وڵاتە و جگەلەمە وڵاتانی دراوسێش رێگری لەوە دەکەن چیتر لە ئێرانەوە گۆشتی مریشک هاوردە بکەن.

 پێویستە بگوترێت ڤایرۆسی H5N8 هەرگیز تووشی هیچ مرۆڤێک نەبووە و دەشگوترێت لە چەند هەفتەی رابردوودا هەندێک باڵندەی کێوی ڤایرۆسەکەیان بۆ ئەورووپا و چەند وڵاتێکی تر گواستووەتەوە.

لە هەر یەک لە وڵاتانی فڕەنسا و سویسرا حاڵەتی تووشبوون بەو جۆرە ڤایرۆسە لە نیو باڵندەکان هەست پێکراوە و رێکخراوی جیهانیی تەندروستی ئاژەڵانیش لە هەوڵدایە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکات.

ئێران دراوسێی هەرێمی کوردستانە بۆیەش مەترسی ئەوە لەئارادایە ئەو ڤایرۆسە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە.

لە ئێرانەوە مریشکی بەستوو هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەگەر هەر بڕیارێک بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گۆشتی بەستوو دەربکرێت لەوانەیە کاریگەری بخاتە سەر بەرزکردنەوەی نرخی گۆشتی مریشک لە هەرێمی کوردستان.


وشە - سلێمان تاشان