سوباری و سوبارتو كۆنترین ناوی خەڵك و خاكی كوردستان

:: PM:04:11:17/02/2018 ‌
سوبارییەكان و سوبارتو، ناوی یەكەمین گەل و نیشتمانی سەر خاكی ئێستەی كوردستانی گەورە بووە و بەگوێرەی سەرچاوە مێژوویییەكان، سوبارییەكان كۆنترین دانیشتووانی كوردستانی گەورەن و لە هەزارەی سێیەمی پێش زاینەوە لە كوردستان خەریكی كشتوكاڵ بوون و شانشینی تایبەت بەخۆیان هەبووە و ناوچەكانی ئەوانیش لە جیاتی كوردستان پێی گوتراوە سۆبارتۆ.

لەبارەی ناوی سوبارتو بە پێی گوتەی سەرچاوەكان، سوبارتو كۆنترین ناوی كوردستانە كە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان لە خۆ دەگرێت، لە سەرچاوە ئەكەدییەكان وشەی "سوبارتو" بەكار هاتووە كە "تو" لە زمانی ئەكەدی بە مانای ناوچە دێت، واتا ناوچەی سوبار هەر وەك ناوەكانی "ئیلام تو - مارو-ئوراتو"، هەروەها لە زمانی سۆمەریش "سوبار" بە مانای باكور دێت واتا خەڵكی باكور، هەندێ‌ سەرچاوەش دەڵێن سوئییەكان واتا دانیشتوانی ناوچەی "سو" كە كۆنترین دانیشتووانی كوردستانی گەورەن و لەگەڵ كوتییەكان و لولوبییەكان و خورییەكاندا لەسەر خاكی كوردستان ژیاون.

لە داستانی "نەفرەتی  ئەكەد و تۆڵەی خواوەند ئینلیل" ناوی سوبارییەكان وەك هێزێكی گرنگ هاتووە، جگە لەوە لە دەقە ئەدەبییەی "لاواندنەوەی شاری ئوور" ناوی سوبارییەكان لەگەڵ ئیلامییەكان هاتووە كە دەوڵەتی "ئووری"یان ڕووخاند و شاری "ئوور"یان وێران كرد.

كۆنترین سەرچاوە كە ناوی "سوئییەكان"ی تێدا هاتووە بۆ سەردەمی بنەماڵەی سۆمەرییەكان دەگەڕێتەوە، كاتێك سومەرییەكان باسی كوردستانیان دەكرد، پێیان دەگوت "سوبیر" مێژووی ئەو ناولێنانە بۆ دوو هەزار و 400 ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە، وشەی "شوبور، سوبارو"یش بەكار هاتووە، پاشان گۆڕانكاری بەسەر ئەم ناوەدا هات و لە سەردەمی ئەكەدییەكان پێیان دەگوترا "سوبارتو" بۆ یەكەم جاریش وشەی "سوبارتو" لە نووسینەكانی پاشا "ئیناتوم" لە ساڵی 2470-2355 پێش زاین بەكار هێنراوە.

لەبارەی زمانی دانیشتووانی وڵاتی سوباری، زمانێكی كۆنە و هەندێ‌ لە وشەكانی لە زمانە نەنووسراوەكانی سومەرییەكان و ئەكەدییەكان و خورییەكاندا ماوەتەوە و پێی دەڵێن پاشماوەی  زمانی سوباری، یەكێك لەو وشانە ناوی شاری "ئەربیلیوم"ی "قەڵای هەولێر"ە كە پسپۆڕانی زمانە كۆنەكانی میسۆپۆتامیا پێیان وایە ناوێكی سوبارییە.

لە بارەی شوێنی نیشتەجێبوونی سوئییەكان لە سەرچاوەكان بە دوو جۆر باس لە سوبارتو كراوە: یەكەم،  سوبارتوی مەزن كە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانی گەورە بە كوردستانی رۆژئاوا و بەشێك لە كوردستانی باكور تا دەریای ناوەڕاست دەگرێتەوە. دووەمیش سوباری بنە كە ناوچە شاخاوییەكانی باشووری كوردستانی و بەشێك لە رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە، لە پڕۆژەی گوتنبێرگ بۆ لێكۆڵینەوە، شوێنی سوبارییەكان بە ڕۆژهەڵات و باكور و ڕۆژئاوای ناوچەی سۆمەرییەكان ناو براوە، هاوكات بە زۆری سوبارییەكان لە شوێنی هەڵقوڵان و درێژبوونەوەی ڕووباری دیجلە ژیاون كە دەكاتە باكوری دۆڵی ڕافیدەین.
 
بۆیە هەموو سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە سوبارییەكان كۆنترین دانیشتووانی كوردستانی گەورە بوون و زۆربەی ناوچەكانی كوردستانی گەورە لە ژێر دەستیان بووە و گرنگترین شانشینی سوبارییەكان ناوی "خەمازی" بووە، بەگوێرەی لێكدانەوەكان پایتەختەكەیشی هەر ناوی خەمازی بووە، بەڵام تا ئێستە بە وردی دیار نییە شوێنی جیۆگرافیای شاری خەمازی پایتەختی سوبارییەكان دەكەوێتە كوێ‌؟ لە بەڵگە و سەرچاوە نووسراوەكانەوە هێما بۆ ئەوە كراوە كە لە شوێنێكی كوردستانی ناوەڕاست بووبێت، مێژوونووسان هێما بۆ ئەوە دەكەن شانشینی خەمازی لە سەردەمانی دواتردا لە دەوروبەری هەزارەی دووەمی پێش زاین، ناوی لە ناو ناوان نەماوە و لە سەرچاوە نووسراوەكاندا باسی ناكرێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە شانشینەكە بوونی نەمابێ و خاپوور كرابێ، بەڵكو ناوێكی تری وەرگرتووە و ئیتر بە ناوە نوێیەكەوە باسی لێوە كراوە، یەكێك لە كۆنترین سەرچاوەكان كە ناوی سوبارییەكانی لێ‌ تۆمار كراوە تابلۆكانی گردی "فارە"یە كە لەو تابلۆیانە باس لە ئابووریی سوئییەكان دەكات و دەڵێ‌: زۆربەیان پیشەگەر بوون وەك نانەوا، كانزاساز، نووسەر و.. هتد.

بە پێی ئاماژەی سەرچاوەكان، سوبارییەكان گرنگییان بە كشتوكاڵ داوە و خەریكی داچاندنی گەنم و بەرهەمهێنانی میوەكانی هەنجیر و هەنار و قۆخ بوون بە ڕادەیەك لەم بوارە سەركەوتوو بوون، لە دەقە میخییەكان ئاماژە بە ناوبانگی هەنجیری سوباری دەكرێ‌، هەروەها لە نووسینێك لە شاری "ئالالاخ" لە "تەل عەتشانە"ی سووریا دەركەوتووە ناوچەكانی سوباری هەنجیری زۆر باش و پڕچێژی لێ بەرهەم هێنراوە.

پڕۆژەی گوتنبێرگ بە پشتبەستن بەو لێكۆڵینەوانەی ئەنجامی داوە لەسەر نامەكانی، پاشا ئیناتوم لە لاگاش دووپات لەوە دەكاتەوە، لە سەردەمی سەرجۆنی پاشای ئاشوورییەكان و نەرامسینی نەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵا ئەرمەنەكان هێرش لە هەموو لایەكەوە كراوەتە سەر سوبارییەكان و توانیویانە زۆربەی خاكەكەیان داگیر بكەن، هاوكات لە تێكستەكانی حامورابیش باس لە سەركەوتن بەسەر سوبارییەكان كراوە.

لە سێ تەختە تێكستی بزماری سەردەمی ئەكەدییەكان كە لە میسر دۆزراوەتەوە و ئاماژە بەوە كراوە، چەند خێزانێكی ئاموروییەكان بە سوبارییەكان فرۆشراون و لە شاری ئەركاتاوەیش خۆراك و كەلوپەلی خواردەمەنی بۆ سوبارییەكان ڕۆیشتووە لەو كاتەی گەمارۆ دراون.

سەرچاوە/ نامەی ماستەری كۆزاد محەمەد ئەحمەد، ژمارە یەكی گۆڤاری سۆبارتۆ، پێگەی پڕۆژەی گۆتنبێرگ، ویكیپیدیا.

هەولێر/ سارا سەردار.



وشە - باز ئه‌حمه‌د