گیانی وێرانكردنی دەوڵەتی عوسمانی لە جەستەی ئەردۆغاندا زیندوو بووتەوە

:: PM:06:38:17/02/2018 ‌

بەدەر لە هەڵوێستەكانی توركیا لە سووریا و هەڵمەتە سەربازییەكانی لەدژی كورد لەو وڵاتە، ئەو دەیان هەڵوێستی تری هەیە لەدژی كورد لە هەر شوێنێك و لەدژی نەیارانی رەوتە ئیخوانییەكەی و كەسیی ئەردۆغان، جگە لەو هەڵوێستانەی لەگەڵ ناسیۆنالیستی تورك و رەچەی فرەوانخوازی بە میرات بۆماوەی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچەكە و لە سەرانسەری دنیا هەیەتی، نووسەرێكی تورك دەڵێت كە دوای سەتەیەك تا ئێستەیش هەمان دەبەنگی دەبینین.

ئەلبەیر ئاندەر فورات، لەژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوە نووسیویەتی، دەترسم لە دوای سەتەیەكی تەواو تا ئێستەیش خەریكی بینینی هەمان دەبەنگی و هەمان نا بەرچاوڕوونی بین، دابەشكارییەكی نوێ بۆ توركیا لە رێگەی هەمان یاری ئەو كاتەوە. 

دەوڵەتی عوسمانی كە لەلایەن سێ هاوپەیمانی بێ بەرچاوروون و بێ خوێندنەوە و ناوریا كە هیچیتر جگە لە خەیاڵ نابیین خرایە ناو جەنگێكەوە (جەنگی جیهانی یەكەم) و تیایدا 0.9ی خاكەكەی لەدەست دا و ئەوەیشی مابووەوە چارەنووسی نادیار بوو.   

ئەنوەر پاشا، ئەو كات چاوەی لەو سێ هاوپەیمانە بوو كە ئەو خاكانەی دەوڵەتی عوسمانی لە ماوەی چەند سەتەیەك لە دەستی دابوو، بەدەوستیان بێنێتەوە و لەو رێگەشەوە دەوڵەتی عوسمانی بگاتەوە رۆژانی شكۆیەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانانەكان خاوەنی تەكنۆلۆژیا و چەك پارە و هەموو شتێك بوون، بەڵام پاشاكانی عوسمانی خەونیان بەوە دەبینی كە لە كۆتایی فیلمەكەدا دەوڵەتی عوسمانی ببێتە یەكێك لە گەورەترین وڵاتانی دنیا. بۆیە دەوڵەتی عوسمانی باجێكی گەورەی ئەو خەونە دەبەنگەی دا و دەوڵەمەندترین بیرە نەوتەكانی لە سەتەی بیست و ملیۆنان كیلۆمەتر زەوی و كادیری باشی لە دەست دا، هەموو ئەوانەیش لە پێناو سەركێشییەك كە سنووری نەبوو.

ئێمە خاك و سامانمان لەدەست دا و لەوەیش گرنگتر كادیرە بەتواناكان، بۆیە دەوڵەتەكەمان رووخا و خەوشی دەوڵەتەكەیش بۆ كۆمارە نوێكە مایەوە كە لەسەری دروست بوو، بەڵام بۆچی؟، بەهۆی خەونێكی دەبەنگانە كە هیچ بوونێكی نەبوو لە دنیای كردەنیدا بۆ چەند دەبەنگێك لەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتدا هەبوو. 

ئێستەیش لە دوای نزیكەی سەتەیەكی تەواو هەمان شت دووبارە دەبێتەوە و وا گیرمان خواردووە لە زەڵكاوێكەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چووینە ناو بابەتەكە بە دیدێكی دەبەنگانەی سیاسییانەوە كە نەیتوانی وانەكانی سەردەمەكانی پێشوو تێبگات و وا دەزانێت كە زەوی دەست دەكەوێتەوە و دەوڵەتی عوسمانی لە رێگەی جەنگەوە زیندووز دەكاتەوە.

من لەوە دەترسم كە ناچاربین ئەوەی هەمانە وازی لێ بێنین و روو بەرەو سووریا بڕۆین، بە هاوارێكی تاڵ لە خەونێكەوە بەخەبەر بێین كە چەند دەبەنگێك ئێمەیان خستە ناوییەوە لەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر گەلانی دنیای عەرەبی سەپاندووە بە درامای قەڵپی "یەك خولەك" و وا دەزانن كە ئەوان دەتوانن دەوڵەتی عوسمانی و خیلافەتەكەی زیندوو بكەنەوە و دنیایش تەنیا رۆڵی تەماشاكاری ئەو دیمەنانە دەبێت.

ئەو سیاسەتانە كە بێ دووربینی و خوێندنەوەن میراتی چەندان سەتەیان لە ئارامی و سەربەرزیان لە دەست تورك دا و ئەوانیان شەرمەزار كرد، لەو كاتەیش ئەمڕۆ روو لە سووریا دەكەین بۆ خستنەسەری خاكی نوێ بۆسەر خاكەكانمان، لەوە دەترسین كە هەمان چارەنووسمان تووشبێتەوە، بەڵكو كارەكە بەوەندەیش نەوەستێت و رەنگە رووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی هەندێك زەوی تری خۆیشمان هەیە.

بۆیە گەورەترین زیانی ئازاربەخشمان لەدەستدانی برا كوردەكانمان دەبێت، ئەوانەی مێژوویەكی هەزار ساڵی كۆمان دەكاتەوە، چونكە سێقۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی و دۆگۆ برنچاك، خەریكی لێدانی گورزی گەورە دەبن بۆ بەیەكەوەژیانی كورد و تورك ئەوانەی سەرەڕای هەموو هەوڵێك لە ماوەی دەیان ساڵدا جیا نەبوونەوە.

بۆیە لەسەر هەمان رێگەی ئەو سێقۆڵیە دەبەنگەی كە كۆتایی دەوڵەتی عوسمانیان داڕشت، ئەمڕۆ سێقۆڵییەكی تر بەو هێزەی هەیانە هەوڵی رۆیشتن بەرەو رووخانێكی تر دەدەن، وەك چۆنێكیش دەبەنگەكانی هاوپەیمان پێشتر زیاترین كادیرانی لێهاتوویان لە بەركانی جەنگ لەناو برد، ئەمڕۆیش ئەو سێقۆڵییە هەستان بە پاكتاوكردنی باشترین كایدرەكانی دەوڵەت و بۆشكردنی سوپا و دامەزراوەكانی دەوڵەت لە رێگەی كودەتایەكی پلان بۆ داڕێژراوەوە و دواتر رەوانەكردنی سوپا و وڵات لە زوڵكاوی سووریا.

رەجەب تەیب ئەردرغان خەریكی بڕینی هەموو پێوەندییەكی مەعنەوەی كوردە بە توركیا و جێبەجێكردنی سیاسەتەكانیەتی یەك لە دوای یەك بە بێ دوودڵی، دوای ئەوەی لەگەڵ برایانی لە خوێن دەستی كرد بە بۆردومانكردنی شارەكانی كورد لە دوای هەڵبژاردنەكانی حەوتی یۆنیۆی 2015 بۆ هێنانەوەی دەسەڵات بۆ حزبەكەی بە تەنیا لە توركیا. 

ئەردۆغان تا پێی بكرێت توندوتیژی زیاد دەكات و لە پێگەی كورد كەم دەكاتەوە و پەراوێزیان دەخات و سووكایەتیان پێ دەكات و گەلی توركیایش لەو جەنگە كەسییەی خۆی تێوە دەگلێنێت و تۆوی دووربەرەكی و ترازان و نەیاری لە نێوان برا و دۆستاندا دەچێنێت و لەناو مێشكیاندا بیرۆكەی جیاخوازی دەچێنێت و و لە رێگەی وتارە نەتەوە پەرستییە ورووژێنەركانەوەیش جۆشیان دەدات، دوای هەموو ئەوانەیش ئەوە ناو لێ دەنێت بە "خۆشەویستی نیشتیمان". بەڵام خۆ سێ دەبەنگەكەی دەوڵەتی عوسمانیان لەناو برد بەلایەنی كەم خەونێكی راستگۆیانەیان هەبوو، هەرچی ئەوانەی ئێستەن جگە لە چەند نیازێكی پیس و ئامانجی شووم هیچی تریان نییە.

سەرچاوە: زەمانی توركی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل