ئەگەری دروستبوونی لافاو لە سلێمانی دەكرێت

:: PM:07:14:17/02/2018 ‌

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، ئەگەری روودانی لافاو زیادی كردووە و لە بەشێك لە ناوچەكانیش لافاو دروست بووە، شارۆكەی چەمچەماڵ و سەنتەری شاری سلێمانیش ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی شوبات رەمەك رەمەزان، قایمقامی شارۆكەی چەمچەماڵ بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی گرتووەتەوە، ئەگەری دروستبوونی لافاو دەكرێت، بۆیە تیمەكانی بەرگری فریاكەوتن و شارەوانی و پۆلیس خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.

زیاتر گوتی، تا ئێستە هیچ شتێكی ئەوتۆ رووی نەداوە، بەڵام هەرچی رووب دات ئامادەسازی پێویستی بۆ كراوە.

بەهۆی بارانیبارانی بەردەوام، شەوی رابردوو سەرجەم سەرچاوەكانی ئاوی پڕۆژەی ئاوی سەرچنار ژیانەوە، ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاوی سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی ژیانەوەی كانیاوەكانەوە، ئاوی پڕۆژەكە لێڵ بووە و گەڕەكەكانی راپەڕین و بەكرەجۆ ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ بێ ئاو دەبن.

هاوكات لە سەنتەری شاری سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری ئامادەكاری بۆ هەر ئەگەرێكی روودانی لافاو كراوە، رێكان جەمال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند، سەرجەم هێزەكانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و تیمەكانی شارەوانی و پۆلیسیش هاوكار دەبن لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو.

لە دوێنێوە شەپۆلێكی تری بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی دابارینی باران و لە هەندێك شوێن بەهۆی بارانبارینی بە خووڕەوە ئەگەری روودانی لافاو لە ئارادایە.

سلێمانی/ هەستیار



وشە - رامیار جەواد