لەو كاتەی هەموو پێكهاتەكان جموجۆڵێكی نائاسایی بەخۆیانەوە دەبینن بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانەوە، ناو ماڵی شیعە ململانێیەكی سەخت بەخۆیەوە دەبینێت لە نێوان چەند لیستێكی هەڵبژاردنی ئەجیندا و ئینتمای دەرەكی جیاوازەوە كە هەموویان یەك مەبەست كۆیان دەكاتەوە ئەویش بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقە.
بڕیارە هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو بێتە سازكردن و لە ناو گەرمەی ململانێی سەختی پارت و لایەنە شیعەكان بە تایبەتی، عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێرانی سەردانی عێراقی كرد و چاودێرانیش پێیان وایە كە بۆ رێكخستن و یەكخستنەوەی ناو ماڵی شیعەیە.
بەپێی ئاژانسی (میهر)ی ئێران ویلایەتی لە ئێوارەی پێنجشەمی رابردوو گەیشتووەتە عێراق و ئەو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی لێكنیزككردنەوەی مەزەوە جیاوازەكان و دوا پەرەسەندنەكانی سیاسی لە عێراق و ناوچەكە دەكات و روونی كردەوە كە سەردانەكەی پارێزگاكانی نەجەف و كەربەلا و بەغدا دەگرێتەوە.
لای خۆیەوە ئەندامێكی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەی ویلایەتی دوای ئەوە دێت كە ململانێی نێوان هێز و پارتە سیاسییەكانی شیعە بۆ لێكنزیكبوونەوە و پێكهێنانی هاوپەیمانی هەڵبژاردن گەیشتووەتە رێگەیەكی داخراو، بۆیە ویلایەتی رۆڵی ناوەندگیر لە نێوان ئەواندا دەبینێت بۆ پاراستی دەستكەوتەكانی ساڵانی رابردووی شیعە و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران.