سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق ئەم دۆسیانە تاوتوێ دەكەن

:: PM:08:05:17/02/2018 ‌

دوای كێشە تێكەوتنی تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی 2018ی عێراق لەناو پەرلەمان و چەندان پڕۆژەی تریش كە پێویستیان بە سازانی هەموو بارستەكانی پەرلەمانە و حكوومەتی عێراق هەڵوێستێكی توندی لە بەرانبەردا نواندووە، بەدەر لەوەیش بوونی چەند دۆسیەیەكی تری گرنگ كە پێویست بە تاوتوێكردن لەسەر ئاستێكی باڵا هەیە بەوەی عێراق و پرۆسە سیاسییەكەی بە تەوافوق بەڕێوە دەچن، بۆیە بڕیارە ئەم هەفتەیە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆ ببنەوە.

هەفتەی رابردوو هەوڵ درا كە پڕۆژە یاسای بودجە دووەم خوێندنەوەی بۆ تەواو بكرێت و دواتر بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام كورد بەهۆی بوونی چەند تێبینییەك لەسەر پڕۆژەكە رێگریان لە تەواوكردنی خوێندنەوەی یاساكە كرد، بەدەر لەوەیش سوننە ئەوانیش چەند داواكارییەكیان هەیە كە پێویست دەكات حكوومەت خۆی گۆڕٍانكارییەكان بكات.

بە پێی راوێژكارێكی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیە هەرسێ سەرۆكایەتیی عێراق كۆ ببنەوە و پڕۆژە یاسای بودجە و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دوو پرسی سەرەكی بن كە لەو كۆبوونەوەیە تاوتوێ دەكرێت. 

لەو بارەوە ئەمیر كنانی، راوێژكاری یاسایی سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە تاوتوێی دۆسیەی دواكەوتنی پەسندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق و پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و دوا پەرەسەندنەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێوەست بە هەڵبژاردنەكان و خستنەڕووی ئەنجامەكانی كۆنگرەی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە هەفتەی رابردوو لە كوێت ساز كرا. 

سەرچاوە: دیجلە




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل