پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، ئێستە كارمەندانی فڕۆكەخانەی بەغدا مانیان گرتووە و گەشتەكانیان راگرتووە، بۆیە ناتوانن بگەڕێنەوە شارەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ شەموو 17ـی شوبات، رێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پەرلەمانتارانی كورد و عەرەب دەمانەوێت بگەڕێینەوە شارەكانی خۆمان، بەڵام بەهۆی مانگرتنی كارمەندانی فڕۆكەخانەوە ناتوانین.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، زیاتر لە سێ سەعاتە چاوەڕێی گەشتەكەمانین، بەڵام ئەو كارمەندانە كە بەشێكیان گرێبەستن و بە گوتەی خۆیان نزیكەی شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە مانیان گرتووە.
رێزان زیاتر گوتی، ئێستە بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتارانی كورد و عەرەب لە چاوەڕوانی شكاندنی مانگرتنی ئەو كارمەندانەین، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە شارەكانی خۆمان.
مانگرتنی ئەو كارمەندانەی فڕۆكەخانەی بەغدا لە كاتێكە هەفتەی ڕابردوو لە شاری بەسڕە مانگرتنی فەرمانبەرانی سێ وەزارەت هەبوو بەهۆی پێنەدانی مووچەكانیان بۆ ماوەی سێ مانگ، كە ئەمەیش كاریگەری زۆری دروست كردووە لەسەرییان بە گوتەی خۆیان لە میدیاكان ئەوە سزای بەغدایە بۆ ئەو شارە بەهۆی بوونی خواست لەسەر هەرێمی سەربەخۆ.