لە میونخ داوا لە عەبادی دەكرێت كێشەكان لەگەڵ كورد چارەسەر بكات

:: PM:09:06:17/02/2018 ‌

دوێنێ هەینی كۆنگرەی میونخ لە ئەڵمانیا دەستی پێ كرد و سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم تیایدا بەشدار بوون، ئەوان چاویان بە شاندی وڵاتانی بەشدار لەو كۆنگرەیە كەوت، هاوكات پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێك بوو لە باسی كۆبوونەوەی نێوان ئەو بەرپرسانە.

لە سەروبەندی كۆنگرەكە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی بە شاند و بەرپرسانی بەشدار لە ژمارەیەك وڵاتی دنیا كەوت لەوانە لە ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و بە پێی سەرچاوەكانی ئەگەدار ئەو وڵاتانە داوایان لە عەبادی كردووە كە بە پەلە كار بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكات.

بە پێی سەرچاوەكان عەبادی لە میونخ دووچاری پاڵەپەستۆیەكی نێودەوڵەتی بووەتەوە لەبارەی پێویستی كۆتاهێنان بە كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پێوەندییەكانیان.

ئەمە و لەو كۆنگرەی دوێنێ لە ئەڵمانیا دەستی پێ كرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، زیاتر لە 600 كەسایەتی باڵا لە سەرۆك حكوومەت و وەزیر و بەرپرسانی وڵاتان بەشداری دەكەن، شاندی هەرێمی كوردستانیش لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم پێك هاتبوو. 

سەرچاوە: شەفەق نیووز





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل