ئەمەریكا داوا لە وڵاتان دەكات پێوەندییان لەگەڵ كۆریای باكور ببڕن

:: PM:09:25:17/02/2018 ‌

گەورە بەرپرسێكی ئەمەریكای بەشدار لە كۆنگرەی میونخ كە ئەمڕۆ دووەم رۆژی بەڕێوەچوونیەتی لە ئەڵمانیا، رای گەیاند كە وڵاتەكەی داوا لە هەموو وڵاتانی دنیا دەكات بۆ بڕینی پێوەندی بازرگانی و سەربازیان لەگەڵ كۆریای باكور.

هێربەرت ماكماستەر، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا ئەمڕۆ شەموو لەبەردەم كۆنگرەی میونخ زیاتر گوتی، پێویستە پاڵەپەستۆ بخەینە سەر كیم جۆنگ ئۆن، سەرۆكی كۆریای باكور بە هەموو شێوەیەك بۆ مسۆگەركردنی رێگرتن لە دیكتاتۆریەتە لە هەڕەشەكردن لە دنیا بە بەكارهێنانی چەكی وێرانكار.

زیاتر گوتی، وەرن با نیازمان یەك بخەین نەوەك بە تەنیا لەبارەی جێبەجێكردنی سزاكانی ئێستە هەن بەسەر ئەو وڵاتەوە، بەڵكو بە پابەندبوونمان بە كەمكردنەوەی ئاستی پێوەندییە دیپلۆماسییەكان و بڕینی هەموو جۆرە پێوەندییەكی بازرگانی و سەربازی لەگەڵیدا.

لای خۆیەوە مایكڵ بینس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رۆژی پێنجشەم دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی چەند بژارەیەكی سەربازی بەدەستوەیە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی كۆریای باكور، بەڵام تا ئێستەیش چاوی لە چارەسەری ئاشتیانەیە و سەرۆك تڕەمپ ئاماژەی روونی لەو بارەوە داوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل