رەوانگەی مافی مرۆڤ: سێ هەزار و 500 تەرم لە مووسڵ دەرهێنراون

:: PM:10:13:17/02/2018 ‌

روانگەی مافی مرۆڤی عێراق رای گەیاند كە شاری مووسڵ پێویستی بە 20 ساڵی تر هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و پاككردنەوەی لە مین و تەقەمەنییەكانی داعش تیایدا جێی هێشتوون، ئاماژەیش دەكات كە تا ئێستە سێ هەزار و 500 تەرم لەژێر پاشماوە وێرانبووەكان دەرهێنراون.

پارێزگای نەینەوا لە حوزەیرانی 2014 رووبەڕووی هێرشێكی فرەوانی چەكدارانی داعش هاتەوە كە لە ماوەیەكی كورتدا شارەكەیان داگیر كرد لە دوای پاشەكشەی چوار فرقەی سوپا و پۆلیسی عێراق كە چەكەكانیان بۆ داعش جێ هێشت، دواتر لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی شارەكە دەستی پێ كرد و دوای نۆ مانگ ئازادبوونەوەی هاتە راگەیاندن.

مستەفا سەعدوون، بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی عێراق ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، تا ئێستە توانراوە سێ هەزار و 500 تەرم لەژێر پاشماوەی رووخاوی شاری مووسڵ دەربهێنرێت، جگە لەوەیش 500 بۆ 700 تەرمی تریش ماون كە كار بۆ دەرهێنانیان دەكرێت.

ئەو دووپاتی كردەوە كە شارەكە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی ژیان تیایدا پێویستی بە 20 ساڵی تر هەیە بۆ لابردنی پاشكاوەی مین و تەقەمەنییەكانی داعش جێی هێشتوون و هەروەها ئەوانەیشی لە كاتی جەنگەی ئازادكردنەوەی بۆردومانی شارەكەی پێ كراوە.

سەرچاوە: فورات نیووز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل