تیروپشكی قۆناغی چواریەكی كۆتای جامی ئینگلتەڕا

:: AM:09:10:18/02/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئینگلیزی ئێوارەی دوێنێ شەموو تیروپشكی بۆ یارییەكانی قۆناغی 8ی جامی ئینگلتەڕا ئەنجام دا و بەهێزترین یاریش یارییەكەی نێوان چێڵسی و لیستەر سیتی دەبێت.

هەردوو یانەی چێڵسی و لیستەر سیتی هەینی رابردوو توانیبوویان قۆناغی 16ی جامی ئینگلتەڕا تێپەڕێنن، یانەكەی یەكەم بە 4 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی هال سیتی بردبووەوە، یانەكەی دووەمیش بە گۆڵێكی خاوێن لە یانەی شیفیڵد یونایتدی بردبووەوە.

یانەی مانچستەر یونایتدیش كە دوێنێ شەموو بە 2 گۆڵی خاوێن لە یانەی برایتۆنی بردبووەوە، لە قۆناغی چواریەكی كۆتای جامی ئینگلتەڕا رووبەڕووی یانەی برایتۆن دەبێتەوە كە ئەویش دوێنێ بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی كۆڤینتەری سیتی بردبووەوە.

هێشتا یارییەكانی قۆناغی 16ی جامی ئینگلتەڕا كۆتایی نەهاتووە، ئەمڕۆ یەكشەم سەعات 7ی شەو بەكاتی كوردستان هەردوو یانەی رۆشدێل – تۆتنهام رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، سبەی دووشەمیش یانەی مانچستەر سیتی دەبێتە مێوانی یانەی ویگان ئەتلەتیك.

لە قۆناغی 8ی پاڵەوانیەتییەكەدا یانەی ساوتهامتۆن چاوەڕێی براوەی یارییەكەی نێوان مانچستەر سیتی و ویگان ئەتلەتیك دەكات، براوەی یارییەكەی نێوان شیفێڵد وینزدادی و سوانزی سیتی كە دوێنی بەبێ گۆڵ یەكسان بوون، چاوەڕێی براوەی یارییەكەی نێوان رۆشدێل و تۆتنهام دەكەن.

جێی باسە یارییەكانی قۆناغی چواریەكی كۆتا (قۆناغی 8)ی جامی ئینگلتەڕا لە رۆژانی 16 تا 19ی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م