دوێنێ شەموو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئیباری بردەوە، بەمەش یانەكە ژمارەی پێوانەیی پێشووتری خۆی لە ساڵی 211 یەكسان كردەوە.
یانەی بەرشەلۆنە ئەمە 31مین یارییە لە خولی ئیسپانیا تامی شكست ناكات كە 26 سەركەوتن و 5 یەكسانبوونی بەدەستهێناوە، واتە ژمارە پێوانەییەكەی پێشووتری خۆی خولی ئیسپانیا لەسەر دەستی پێپ گواردیۆلا لە ساڵی 2011 یەكسان كردەوە.
یانەكە ئەگەر لە یاریی داهاتوودا لە گەڕی 25ی خولی ئیسپانیا شەمووی داهاتوو بەرامبەر یانەی گیرۆنا نەدۆڕێ، ئەوا ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ لە خولەكەدا تۆمار دەكات.
لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە ئێستا تەنیا 4 یاریزانی سەرەكی ماون كە لە ساڵی 2011 و لەسەردەمی گواردیۆلا هەمان ژمارەی پێوانەییان تۆمار كردبوو، ئەوانیش برێتین لە لیۆنێل میسی، ئەندرێس ئینێستا، گیرارد پیكێ و سێرجیۆ بۆسكێتس.
پێكهاتەی یارییەكەی دوێنێ شەمووی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی ئیبار بەمشێوەی خوارەوە بوو:-
گۆڵپارێز: تیر شتیگن
بەرگری: سێرجی رۆبێرتۆ، ئۆمتیتی، پیكێ و ئەلبا
ناوەڕاست: بۆسكێتس، پاولینیۆ، راكیتیچ و ئینێستا
هێرشبەر: میسی و سوارێز.
پێكهاتەی یانەی بەرشەلۆنە لە ژمارە پێوانەییەكی 2011 بەمشێوەی خوارەوە بوو:-
گۆڵپارێز: ڤیكتۆر ڤاڵدێز
بەرگری: ئەلڤێس، پیكێ، پویۆڵ و ئەبیدال
ناوەڕاست: بۆسكێتس، چاڤی و ئینێستا
هێرشبەر: میسی، دێڤید ڤیا و پێدرۆ.