كورد.. ئەسەد بۆ شەڕی دژ بە توركیا ڕادەكێشن

:: AM:09:35:18/02/2018 ‌
كوردانی سووریا وەڵامی ئارامكردنەوەی ئەمەریكا و توركیایان دایەوە كە لە ئەنجامی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ریكس تیلرسن بۆ ئەنكەرە هاتووەتە كایەوە، ئەوان دەیانەوێ واز لە بیرۆكەی پشتیوانیكردنیان لەلایەن ئەمەریكاوە بهێنن و دەیانەوێ بە پەلە هەنگاوی خێرا بهاوێژن، بۆ لێكگەیشتن لەگەڵ بەشار ئەسەد و ڕاسپاردنی ڕۆڵی بەرگریكردن لە عەفرین، لە بەرانبەر دەسبەرداربوونی كورد لە بەڕێوەبردنی شارەكە.

سەرچاوەكانی نزیك لە هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد دووپات لەوە دەكەنەوە، ڕێككەوتن لە نێوان دیمەشق و هێزەكانی پاراستنی گەلی كوردی ڕۆژئاوا كراوە، بۆ ئەوەی هێزەكانی "جەیشی شەعبی" سەر بە ڕژێمی ئەسەد بێنە ناو عەفرین و پشتیوانی كورد بكەن لە شەڕیان دژ بە ئۆپۆزسیۆن و توركیا.

سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، دانوستاندنی چڕ لە نێوان سەركردەكانی یەپەگە و ئەسەد بە نێوەندگیری ڕووسیا لە دیمەشق لە ئارادایە، ئەوان داوا دەكەن لە جیاتی سوپای ڕژێمی ئەسەد، هێزەكانی سوپای میلی "جەیشی شەعبی" سەر بە ئەسەد بێنە عەفرین و لەتەك هێزەكانی یەپەگە بەرگری لە شارەكە بكەن و ڕووبەڕووی توركیا و بەرهەڵستكارانی ڕژێمی سووریا ببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ڕژێمی ئەسەد ئەو هێزەیان ئاگەدار كردووەتەوە تا بە تەواوی ئامادە بن، بۆ ئەوەی لە چەند سەعاتی داهاتوو بەرەو عەفرین بەڕێ بكەون، هەركاتێك بڕیاری كۆتایان بۆ دەركرا، چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، كە ئەو هەنگاوەی كورد لە سووریا ژیرییە و كورد دەیەوێ لەجیاتی خۆی بەر توركیا بكەوێ، ڕژێمی ئەسەدیش ڕاكێشێتە ناو ئەو هاوكێشەیەوە و سەرەتایش هێزەكانی "جەیشی شەعبی" دەباتە ناو شەڕەكە، ئەگەر پێشووەچوونەكان بەردەوام بوون و شەڕ كۆتای نەهات، ئەم جارە بە نیازە میلیشیاكانی سەر بە ئێران و سوپای ئەسەد بباتە شارەكە تا بەرگری لێ بكەن و ڕێ نەدەن بكەوێتە دەست توركیا.

شارەزایان دەڵێن، هێزەكانی كورد دەتوانن دەسبەرداربوونی كاتی و تاكتیكی بەرانبەر بە ڕژێمی ئەسەد بكەن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی شارەكە لە نێوان خۆیان دابەش بكەن، بەڵام دووپات لەوەیش دەكەنەوە، ئەو هەنگاوەی كورد بە تەواوی واشنتن تووڕە دەكات، كە بە تەواوی دەیەوێ پێگەی خۆی لە سووریا جێگیر بكات و هێزەكانی كوردیش تاكە هاوپەیمانی واشنتنن لە سووریا، كە توانیویانە تەواوی ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا بكەن بە پێگەی ئەمەریكا و سوپای ئەمەریكا هێزەكانی لێ بڵاو كردووەتەوە.

بەرپرسانی كورد هێما بۆ ئەوە دەكەن، یەكینەكانی پاراستنی گەل مەرجی ئەوەیان هەیە، هێزەكانی ئەسەد لە دەرەوەی شارەكە و لە سنووری نێوان توركیا و سووریا بڵاوەیان پێ بكرێ، بەڵام ڕژێم بە تەواوی ئەوەی ڕەت كردووەتەوە و داوا دەكات بە تەواوی شارەكە و دامەزراوەكانی بكەوێتە ژێر دەستی ئەوان، چاودێران دەڵێن كوردەكان بە ئاسانی چەناڵی گفتوگۆ لەگەڵ هەمووان دەكەنەوە، لەلایەكەوە لەگەڵ ئەسەد و ڕووسیا لەسەر هێڵن، لەلایەكی ترەوەیش پێوەندی تۆكمەیان لەگەڵ واشنتن هەیە.

محەمەد عاكیف ئۆكور سەرۆكی بەشێ پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە كۆلێژی زانستە ئابووری و كارگێڕییەكانی زانكۆی "یڵدز"ی تەكنیكی لە ئیستەنبۆل لەوبارەوە بە "العرب"ی لەندەنی ڕاگەیاند، كورد پێوەندی لەگەڵ تەواوی هێز و وڵاتانی بەشدار لەناو هاوكێشەكانی سووریا هەیە و پێوەندییەكانیش چڕ و تۆكمەن، كاتێك هاوكێشە و دۆخەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێ، كورد لەو لایەنەی كە دەتوانێ پشتیوانی لەمانەوەیان بكات، زیاتر نزیك دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، لەوكاتەی خەریكە ئەمەریكا و توركیا لەسەر خاڵێكی هاوبەش لە سووریا دەگەنە ڕێككەوتن، ڕێكخراوە كوردییەكە خەریكی چوونە بۆ بەرەیەكی تر، تا بە هەر جۆرێك بێ ڕێگری لە شكانی عەفرین بكات.

هێزەكانی پاراستنی گەل توانیویانە جەنگێكی گەورە و قورسی میدیایی دژ بە توركیا دەست پێ بكەن و توركیایش ئەمە بە پڕوپاگەندەی ڕەش ناو دەبات، بەڵام كوردەكان توانیویانە تا ڕادەیەك بڕوا بە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بێنن كە توركیا بە چەكی خنكێنەر و كیمیایی هێرشی كردووەتە سەر عەفرین، ڕوانگەی سووریش بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە بە جۆرێك لە گاز توركیا هێرشی كردووەتە سەر ناوچەیەكی عەفرین لە هەینی ڕابردوو، بەوهۆیەوە شەش كەس گیانیان لە دەست داوە.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورددا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 لە جەرابلوس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلوس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بە گوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د