خولی فڕەنسا.. پاریس سان جێرمان بە 5 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا

:: AM:10:00:18/02/2018 ‌

دوێنێ شەموو یانەی پاریس سان جێرمان لە گەڕی 26ی خولی پلە یەكی فڕەنسا لەناو یاریگە و بەردەم جەماوەری بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ لە یانەی ستراسبۆڕگی بردەوە.

یانەكە پێشتر لە یاریی چووندا بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو لە گەڕی 16 بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر هەمان یانە دۆڕا بوو.

ئەو یاریزانانەی یانەی پاریس سان جێرمان كە لە یارییەكەی دوێنێ شەموو گۆڵیان تۆمار كرد برێتی بوون لە: جولیان دراكسلەر، نیمار دا سیلڤا، ئەنخێل دی ماریا و 2 گۆڵیش لەلایەن ئەدینسۆن كاڤانی تۆمار كرا.

بەم سەركەوتنە یانەی پاریس سان جێرمان توانی تاڕادەیەك شكستەكەی هەفتەی رابردووی بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە بیر بكات كە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ دۆڕا بوو.

یانەی پاریس سان جێرمان بەم سەركەوتنە كۆی خاڵەكانی كرد بە 68 خاڵ و هەر لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی فڕەنسا مایەوە، هەروەها جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ ركابەرەكەی یانەی مۆناكۆ كرد بە 12 خاڵ، یانەی ستراسبۆڕگیش لە ریزبەندی 14 مایەوە بەكۆكردنەوەی 30 خاڵ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م