ئینتەر میلان بەشێوەی یەكجاری رافینیا دەكڕێ

:: AM:10:49:18/02/2018 ‌

یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا خوازیارە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بەشێوەی یەكجاری رافینیا ئەلكانتارای یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بكڕێ.

رافینیا مانگی رابردوو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی ئینتەر میلانەوە كرد لەگەڵ ئەگەری كڕینی بەشێوەی یەكجاری لە كۆتایی ئەم وەرزەدا.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: رافینیا لە ماوەیەكی كورتدا توانی لەگەڵ شێوازی یاریكردنی یانەی ئینتەر میلان خۆی بگونجێنێ و ئاستێكی ناوازەش پێشكەش بكات.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە: یانەی ئینتەر میلان خوازیارە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە رێك بكەوێ و بەشێوەی یەكجاری رافینیا لە ریزی یانەكەی بهێڵێتەوە.

بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەردوو یانەكە، یانەی ئینتەر میلان دەتوانێ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بە بەهای 35 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 3 ملیۆن یۆرۆی تر وەك پاداشت رافینیا لە یانەی بەرشەلۆنە بكڕێتەوە.

 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م