ئەمەریكا و توركیا.. هۆكاره‌كانی له‌ناوچوونی متمانه‌ی دوو هاوپه‌یمان

:: AM:11:02:18/02/2018 ‌

توركیا متمانەی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نەماوە، ئەمەیش بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە، گرنگترینیان پشتیوانی ئەمەریكایە لە ڕێكخراو و كەسایەتیی جیاجیا كە لەلایەن ئەنكەرەوە بە "تیرۆریست" ناو دەبرێن، وەك هێزەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" له سووریا، دەسبەرداربوونی ئەمەریكا لە پشتیوانیكردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و پاراستنی فەتحوڵا گولەن و ڕادەست نەكردنەوەی بە ئەنكەرە، كە بە بڕوای توركیا تۆمەتبارە لە كودەتا شكستخواردووەكەی هاوینی 2015.

سەرەتای نەمانی متمانەی توركیا بە واشنتن لەگەڵ گۆڕینی سیاسەتی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەستی پێ كرا، كە بەرانبەر سووریا گرتییە بەر و دەستبەجێ دوای هاتنە سەر حوكمی ترەمپ بڕیاری دا چەكی مامناوەندیش پێشكەیش بەهێزەكانی سووریای دیموكرات بكات، كە زۆرینەی ئەندامانی ئەو هێزە شەڕڤانانی كوردن و توركیا بە بەشێك لە پەكەكە هەژماریان دەكات. ئەمەیش بۆ ئەوە بوو، ئەمەریكا لە هاوكێشەی سووریا نەكرێتە دەرەوە و خاوەن پێگە و خاك بێ لە كێكی سووریا، بۆ ئەمەیش جیا لە پشتیوانیكردنی كورد چارەیەكی تری نەبوو.

جەنەراڵ رایمۆند تۆماس دەڵێ، واشنتن ناوی هێزەكانی كردە سووریای دیموكرات تا بە تەواوی لەو تۆمەتانەی توركیا دووریان بخاتەوە، بەڵام ئەوە هێندەی تر توركیای تووڕە كرد، هەرچەندە توركیا دەیان جار هۆشداری بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دا، بۆ پشتیوانی نەكردن لە هێزەكانی "پەیەدە" كە بە لقی سووریای پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتباری دەكردن، بەڵام سوپای ئەمەریكا بەردەوام بوون لە پێشكەشكردنی تەواوی پێویستییەكانی هێزێكی چەكدار و دابینكردنی پشتیوانیی ئاسمانی بۆ فرەوانكردنی ناوچەكانی ژێر دەستیان.

دواتر واشنتن بەڵێنی بە توركیا دا كە هێزەكانی سووریای دیموكرات لە فورات بۆ ڕۆژئاوای ڕووبارەكە ناپەڕنەوە، بەڵام دواتر بەمەیش پابەند نەبوو، بەڵكو هێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی ئەمەریكا بەردەوام بوون لە پێشڕەوی تا ناوچەی منبەجیشیان كۆنتڕۆڵ كرد، ئەوكاتیش توركیا هەڵمەتی قەڵغانی فوراتی ڕاگەیاند و ناوچەی جەرابلوس و باب و ئەعزازی داگیر كرد.

هاتنی ئەمەریكا
بە ئامانجی پشتیوانی زیاتری هێزەكانی سووریای دیموكرات و جێگیركردنی زیاتری شوێن پێی خۆی لە سووریا، ئەمەریكا هێزەكانی خۆی لە ڕۆژئاوای كوردستان بڵاو كردەوە و دوو بنكەی سەربازی لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزراند، یەكێكیان لە حەسەكە و ئەوەی تریان لە كۆبانێ، هاوكات سەربازانی ئەمەریكا لە دەیان خاڵی سەربازی بڵاو كرانەوە و ڕاوێژیان پێشكەشی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكرد و چەك و كەلوپەلی سەربازی یەكجار زۆر و پێویستیش گەیەنرانە هێزەكانی پەیەدە، لە ڕێی فڕۆكەی بارهەڵگرەوە، دواتریش لە ڕێی بارهەڵگرەوە بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنرانە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.

بە هەزاران بارهەڵگری پڕ لە چەك لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بەرەو سنووری سێگۆشەی نێوان سووریا و عێراق و توركیا ڕۆیشتن و لەوێوە گەیەنرانە دەست هێزەكانی سورویای دیموكرات، ئەمەیش وردە وردە متمانەی توركیای بە ئەمەریكای هاوپەیمانی لە چوارچێوەی ناتۆ لەق دەكرد و تووڕەیی دژ بە واشنتن زیاتر دەكرد.

ئەمەریكا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ هاوكارییەكانی بۆ هەسەدە زۆر زیاتر بوو، بەو ئامانجەی بە خێرایی شاری ڕەقە و دێرزوور لە تیرۆریستانی داعش پاك بكرێتەوە، دوای ڕزگاركردنەوەی ناوچەكانیش ئەمەریكا هەردوو شارەكەی بە هێزەكانی كورد بەجێ هێشت، دوای تەواوبوونی شەڕی داعشیش لە ناوچەكە، ئەمەریكا دەستی كرد بە ڕێكخستنەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات، بۆ ئەوەی سوپایەكی تەواو بەهێز و ڕێكخراویان لێ دروست بكات، بڕیاربوو ئەو سوپا نوێیە بەناوی "هێزەكانی پاراستنی سنوور" یان "سوپای باكور" بێ، ئەمەریكا بڕی 550 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی 2019ی خۆی تەرخان كرد، بۆ ئەوەی ئەو هێزە بنیات بنێ، ئەمەیش تووڕەیی توركیای گەیاندە لووتكە، چونكە لەتەك ئەمە و لەلایەكی ترەوەیش واشنتن هیچ كات بەدەم داواكەی ئەنكەرەوە نەهات، بۆ ڕادەستكردنی فەتحوڵا گولەن، كە لەلایەن توركیاوە داواكراوە و بە "تۆمەتباری سەرەكی" كودەتا شكستخواردووەكەی توركیا دێتە هەژمار.

ئەنكەرە سەدان بەڵگەی پێشكەشی ئەمەریكا كرد، كە سەلمێنەری ئەوەبوو فەتحوڵا گولەن دەستی لە كودەتا شكستخواردووەكە هەیە، بەڵام ئەمەریكا هەر ڕەتی كردەوە گولەن ڕادەستی ئەنكەرە بكاتەوە، ئەمەیش گومانی لای توركیا دروست كردووە، كە ئەمەریكا خۆیشی لە پشت كودەتاكەوە بووبێت، هاوكات لە كۆتای ساڵی 2017 دادگای ئەمەریكا جێگری سەرۆكی بەڕێوەبەری "هالك بانك"ی توركیا "محەمەد هاكان"ی گرت، بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و  مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیا و بانك و كەسایەتییە ئێرانییانەی كە لەلایەن ئەمەریكاوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە و یاری بە بانكەكانی ئەمەریكا كردووە و پارەی لێ سپی كردوونەتەوە، ئەمانە گەورەترین هۆكارن كە وای لە توركیا كرد، هیچ متمانەیەكی بە واشنتن نەمێنێ و دەست بە هەڵمەتی چڵە زەیتوون بۆ داگیركردنی عەفرین بكات، لە 20ی كانوونی دووەم/یەنایەری ڕابردوو.

سەرچاوە/رەوابت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د