ریال مەدرید بڕیاری كۆتایی لەبارەی گاریس بیڵ داوە

:: AM:11:44:18/02/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد، یانەی ریال مەدرید بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەستێرەكەی گاریس بیڵی ویڵزی دەركردووە و بۆ ساڵی داهاتوو یانەكە بەبێ ئەو ئەستێرەیە یاری دەكات.

رۆژنامەی (ئاس) بڵاوی كردەوە: گاریس بێل لە وەرزی داهاتوودا لە ریزی یانەی ریال مەدرید نامێنێ ئەگەر زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەكە لەسەر كارەكەی بەردەوام بێت.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا زێدان گلۆپی سەوزی بۆ فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید هەڵكردووە سەبارەت بە فرۆشتنی بێڵ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

زێدان لە یاریی هەفتەی رابردووی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا پێی باشتر بوو لە شوێنی بێڵ یاریی بە كەریم بەنزیما و ئیسكۆ بكات و ئەمەش وای كردبوو ئەستێرەكەی ویڵز لە شوێنی دانیشتنی یاریزانان توڕە دەركەوێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە، زێدان بڕوای تەواوی بە بێڵ لەدەستداوە دوای چاكبوونەوەشی لە پێكانەكەی لە شەش یاری رابردوودا تەنیا لە یەك یاریدا بەشێوەی سەرەكی یاریی پێ كردووە.

جێی باسە بێڵ لە هاوینی 2013 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 101 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە كرد، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا بەهۆی پێكانەوە لە نیوەی زیاتری یارییەكانی یانەكە دابڕاوە.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م