"سەركەوتنەكەی ریال بەسەر سان جێرمان عادیلانە نەبوو"

:: PM:12:24:18/02/2018 ‌

چاڤی هێرناندیزی ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و ئێستای یانەی سەدی قەتەڕی هێرشێكی توندی كردە سەر یانەی ریال مەدرید و ئەستێرەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی سەركەوتنەكەیان بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.

هەفتەی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی پاریس سان جێرمانی بردەوە.

لەو یارییەدا رۆناڵدۆ دوو گۆڵی تۆمار كرد یەكێكیان بە لێدانی سزا بوو و گۆڵەكەی تریش بە شێوەی ئاسایی لە گێمی دووەمدا.

چاڤی لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كۆواری (سۆ فووت)ی فڕەنسی رایگەیاند: پێموایە شكستی یانەی پاریس سان جێرمان بەم ئەنجامە گەورەیە عادیلانە نەبوو.

زیاتر گوتی: دەبوو ئەنجامی یارییەكە برێتی بێت لە 1-1 یان 2-2 یانیش 1-2 بۆ بەرژەوەندی یانەی پاریس سان جێرمان.

چاڤی هەروەها گوتی: كێشەكە لەوەدایە كە تەنیا سەیری ئەنجامی یارییەكە دەكەین، كاتێك یارییەكە دەبەیتەوە هەموو شتێكی تر جوان دەبێت.

ئەستێرەكەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: چەند هەفتەیەك پێش ئێستا هەرچی رەخنە هەبوو لە زێدان دەگیرا، بەڵام كاتێك لە یارییەكەدا سەركەوتنی بەدەستهێنا هەموو رەخنەكان پشتگوێ خران و ئۆنای ئێمریش وەك خراپترین راهێنەر وەسف كرا، بۆیە ناكرێ لە هەموو یارییەك تەنیا سەیری ئەنجامی یارییەكە بكەین.

چاڤی گوتی: بۆ نموونە لە بەشێكی زۆری رۆژنامەكان وا بڵاو كرابووەوە كە رۆناڵدۆ ئاستی یاریكردنی لە نیمار باشتر بوو، ئەمەش هەڵە بوو و سەیركردنی بەمجۆرە عادیلانە نییە.

لە كۆتاییدا رایگەیاند: رۆناڵدۆ گۆڵێكی بە لێدانی سزا و گۆڵێكی تریشی بە ران تۆمار كرد، بەڵام لەبەرامبەردا نیمار مەترسییەكی زۆری خستبووە سەر هێڵی بەرگری یانەی ریال مەدرید  گۆڵی كایلۆر ناڤاس.

جێی باسە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو یانەی پاریس سان جێرمان لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگەی پاڕك دێس پڕانس لە شاری پاریسی پایەتەختی فڕەنسی مێوانداری یانەی ریال مەدرید دەكاتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م