خاوەنی خانووە زێدەڕۆیییەكانی سلێمانی قەرەبوو دەكرێنەوە

:: PM:02:42:18/02/2018 ‌
هێشتە سلێمانی بەدەست زۆری زیدەڕۆیی بۆ سەر موڵكی گشتیی دەناڵێنێت و شارەوانیی شارەكەیش بڕیاری ڕووخاندنی ژمارەیەك خانوو دەدات كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە زێدەڕۆیی دروست كراون، بەشێك لە خاوەنی ئەو خانووانەیش بە زەوی قەرەبوو دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی شوبات، یوسف یاسین سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، 105 خانوو هەن لەلایەن شارەوانییەوە بە زێدەڕۆ دادەنرێن و دەبێت بڕووخێنرێن.

زیاتر گوتی، بڕیار دراوە كە خاوەنی ئەو خانووە زێدەڕۆییانە بە زەوی قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام بڕیاری قەرەبووكردنەوە هەموو خانوویەكی زێدەڕۆ ناگرێتەوە كە لە سلێمانیدا دروست كرابێت، بەڵكو ئەو خانووانە دەگرێتەوە كە پێشتر گوند بوون و  ئێستە خراونەتە ماستەرپلانی سنووری سلێمانییەوە.

هاوكات محەمەد رەسووڵ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێشتە كێشەی زێدەڕۆیی لە سنووری سلێمانی بوونی هەیە و زەوییەكی زۆر لەلایەن هاووڵاتییانەوە زێدەڕۆیی كراوەتەوە سەر.

ڕوونی كردەوە كە بنبڕكردنی زێدەڕۆیی پێویستی بە بەرنامەی گونجاو هەیە و دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكار بێت بۆ لەناوبردنی زێدەڕۆیییەكان.

ئەو هەڵمەتەی بڕیارە بەرانبەر لەناوبردنی زێدەڕۆیی لە سنووری سلێمانی دەست پێ بكات، لە كاتێكدایە كە ئێستە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت كە تایبەتە بە چۆنیەتیی كۆنترۆڵكردنی زێدەڕۆیی سەر موڵكی گشتی لە هەرێمی كوردستان.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم