شاندێكی هەرێمی كوردستان لە بەغدان

:: PM:02:46:18/02/2018 ‌
بە مەبەستی تاوتوێكردنی چۆنیەتیی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان تایبەت بە گەشتەكانی حەج و عومرە، شاندێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان لە بەغدان.

لە چوارچێوەی ئابڵۆقە سیاسیی و ئابوورییەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە 26ی ئەیلووی ساڵی رابردووەوە تا ئێستە، فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە داخراون و تا ئێستە نەكراونەتەوە، هەفتەی ڕابردوو بەغدا بڕیاری دا كە فڕۆكەخانەكان تەنیا بۆ گەشتی عومرە بكاتەوە و ئەمڕۆش شاندێكی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدایان كردووە.

شاندەكەی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبەری حەج و عومرە و تیمێكی تەكنیكی بەڕێوەبەرایەتییەكە پێكهاتووە و گفتوگۆ لە بارەی چۆنیەتیی گەشتەكانی عومرە دەكەن. كاروانی ستونی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار لە بەغدا بەڕێوە دەچێت. ستونی پێشبینی كرد كە كۆبوونەوەكان ئەنجامی باشی هەبێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندان جار لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان بەڵێنی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی داوە، بەڵام تا ئێستە ئەو بەڵێنەیشی جێبەجێ‌ نەكردووە.

پێشتر "وشە" ڕاپۆرتێكی لەبارەی گەشتی عومرە بڵاو كردبووەوە كە ئەمساڵ هیچ كەسێك سەردانی عومرەی نەكردووە و دەركەوتبوو كە كورد بۆ چوونە "حەج"یش نایەوێ لە ڕێی بەغداوە بڕوات.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم