ڕێیەكی تری نێوان هەولێر و سلێمانی مەترسی لەسەرە

:: PM:03:03:18/02/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لەبارەی هاتوچۆكردن بە ڕێی سماقوڵیدا وریایی دا و ڕای گەیاند، ئێستە ڕێی سماقوڵی بەهیچ شێوەیەك شیاو نییە بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە كە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداو و كۆگەكانی ئاو، سەرقاڵی دروستكردنی پڕۆژەی بەنداوی "جەلی"ن لە ناوچەی سماقوڵی، بۆیە بەهیچ شێوەیەكی رێیەكە شیاو نییە بۆ هاتوچۆكردن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم ئەوەیشی خستووەتە ڕوو كە پێویستە هاووڵاتییان ڕێی تر بەكار بێنن بەمەبەستی هاتوچۆكردن لە نێوان هەولێر و سلێمانی.

هاوكات یوونس عەلی شۆفێری ڕێی هەولێر و سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە تەواوی تاكسی و هێڵەكانی گواستنەوەی نێوان سلێمانی و هەولێر لەوێوە هاتوچۆ دەكەن و ئەگەر بە زووترین كات ئەو ڕێیە چاك نەكرێت، كێشە ڕووبەڕووی شۆفێران دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەیش كرد، ڕێی هەولێر و كۆیە بە كەڵكی هاتوچۆكردن نایەت بەهۆی زۆری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و هاووڵاتییانی كەركووك، بۆیە بەتەواوی مەترسی هەیە لەسەر ڕێیەكان.

لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو ڕێی سماقوڵی بە ڕێی سەرەكیی هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی دادەنرا، بەهۆی ئەوەی ڕێی كەركووك و هەولێر بەتەواوی بەهۆی مەترسییەكانی حەشدی شەعبی پەك خراوە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم