ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی خۆی لە كێشەكانی شارەكە دەدزێتەوە

:: PM:04:33:18/02/2018 ‌
بڕیارە ڕۆژی سێشەمی داهاتوو، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆ ببێتەوە و بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەیش هیچ پێوەندییەكی بە كێشەكان ناو شاری سلێمانییەوە نییە، لە كاتێكدا بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەبێ‌ ئەو ئەنجوومەنانە لە كۆبوونەوەكانیاندا باسی كێشەی پارێزگاكان بكەن.

ئێستە سلێمانی بەهۆی چەندان كێشەوە گیرۆدە بووە بە تایبەتی دابین نەكردنی نەوتی سپی و كێشەی كارەبای ماڵان و لەگەڵ بەردەوامی كێشەی ئاوی خواردنەوە، بەڵام لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە هیچ شێوەیەك باسی ئەو كێشانە ناكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی شوبات، مەهدی مەحموود سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی 20ی مانگ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆ دەبێتەوە و چەند تەوەرێك گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

ڕوونی كردەوە كە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە دانانی میكانیزمێك بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بۆ گرنگیدانیان بە هەڵبژاردنەكانی ئایندە و خۆتۆماركردن لە تۆماری دەنگدەران و تەوەرێكی تری گفتوگۆكان تایبەتە بە دەنگدان لەسەر زیادكردنی گوندی "كانی ماران" لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە شارەدێی حاجی ئاوای سەر بە شارۆكەی ڕانیە.

سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەیش كرد، یەكێكی تر لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانە لەسەر بڕیاری 122 ئەنجوومەنی وەزیران.

لە بارەی بوونی كێشەكانی شارەكە و پێوەست نەبوونی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەن بە كێشەكانەوە گوتی، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تەنیا كاری بڕیاردانە لە بارەی كێشەیەكەوە، ئەوەی پێوەندی بە كێشەكانەوە هەبێت لە لایەن لیژنەكانەوە گفتوگۆ و قسەی لەسەر دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم