نێچیرڤان بارزانی: وادەی هەڵبژاردنەكان دیاری دەكەین

:: PM:05:34:18/02/2018 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بە پاڵەپەستۆ چارەسەر نابێت، بەڵام بەگشتیی كۆبوونەوەكان لەگەڵ حەیدەر عەبادی هەنگاوی باش بوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 18ی شوبات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كۆنفرانیسی میونشن دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەو ئابلۆقە سیاسییە دەربچێت و وڵاتان وەك جاران خوازیاری پێوەندین لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ئەوەیش بە دەستكەوت دەزانین.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی، كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان گرنگ بوو بڕیاریش دراوە كۆبوونەوەی ترمان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوام بێت و هەوڵدەدەین تا پێش هەڵبژاردن چەند كێشەیەك چارەسەر بكەین بەتایبەت كێشەی مووچە و چەند كێشەیەكی تر.

نێچیرڤان بارزانی گوتی، كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بە پاڵەپەستۆ چارەسەر نابێت، بەڵام بەگشتیی كۆبوونەوەكان لەگەڵ حەیدەر عەبادی هەنگاوی باش بوون.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، دوای گەڕانەوەمان بۆ كوردستان لەگەڵ لایەنەسیاسییەكان گفتوگۆ دەكەین و كێشەكان چارەسەر دەكەین، هاوكات وەك یەكەم كاریشمان وادەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان دیاری دەكەین.

لە دووەم كۆنگرەی میوشن كە چەند ڕۆژیكە لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، شاندی هەرێمی كوردستان بە دوو شاند بەشداری كردووە دوێنی مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی شاندێكی تەناهی دامەزراوەكانی كوردستان و لەسەر ئاستێكی سیاسییە كە بەشداریی حكوومەتە، بۆ كۆنگرەكە بانگهێشت كراوە و چەندان چاوپێكەوتنمان لەگەڵ دامەزراوەكانی دنیا هەبووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم