هەڵبژاردن دەسەڵاتی ئەمەریكا یان ئێران لە عێراق یەكلا دەكاتەوە

:: PM:05:48:18/02/2018 ‌

تا دێت وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیكتر دەبێتەوە و شارەزا و سەنتەرەكانی توێژینەوەی ستراتیژی خەریكی پێشبینیكردن و لێكدانەوەی ئەو رووداوانەن كە دەبنە لێكەوتەی ئەو كێبەركێیە دیموكراسییە كە رەنگە ببێتە هۆی گۆڕانكاریی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی لە وڵات كە بە دەست كاریگەرییەكانی جەنگ و توندوتیژی و تەقینەوە و گەندەڵی و ململانێی مەزەوی. 

بە پێی شرۆڤەیەكی رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمەریكایی بەناونیشانی (دەوڵەتی ئیسلامی رووخا، بەڵام هەڵبژاردنەكانی عێراق بە سەختی بەسەقامگیری دەگات)، وای دەبینێت كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی وەك پاڵەوانێكی نیشتیمانی دەبینێت كە داعشی بەزاند و پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق كرد، بەڵام ئەو رووبەڕووی كێشەیەكی گەورەتر دەبێتەوە لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتوو ئەویش بەدیهێنانی سەقامگیرییەك كە تا ئێستەیش لەرزۆكە بەهۆی ململانێی تایفی نێوان شیعە و سوننە و گەندەڵی تەشەنەكردوو لەناو كایەكانی حكوومەتی عێراق و دۆخی خراپی ئابووری.

رۆژنامەكە زیاتر دەڵێت، عەبادی پێشتر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەڕێوە نەبردووە و ئێستەیش خەریكی گفتوگۆیە لە ژینگەیەكی سیاسی زۆر ئاڵۆز، بۆیە هیچی تری لەبەردەم نییە بۆ بردنەوە بێجگە لە هاوپەیمانیەتیكردن بەلایەنی كەم لەگەڵ یەكێك لە سێ هێزە سیاسییە شیعەكە لە عێراق. ئەوانیش نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو و هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر سەرۆكی هاوپەیمانیی گرووپەكانی حەشدی شەعبی و موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر كە بەرهەڵستكارێكی سەرسەختی بوونی ئێرانە لە عێراق. 

كێشەی عەبادی ئەوەیە كە هەریەك لەو هاوپەیمانیەتییانە خاوەن ئەجیندای تایبەتی خۆیانن كە بە پێویستی نازانن هاوپەیمانیەتی لەگەڵ عەبادی بكەن كە خۆیان بە نەیاری دەزانن، بۆیە هەوڵەكانی عەبادی بۆ نزیككردنەوەیان لەخۆی سەركەوتوو نەبوو كاتێك لە یەكەمیان جیابووەوە و هاوەپمانیەتییەكی سەر بەخۆی پێك هێنا بەناوی (نەسر) و بەوەیش لە هاوپەیمانیەتی (دەوڵەتی یاسا) جیابووەوە، لەو كاتەی نەیتوانی پارێزگاری لە نزیكبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانیەتی (فەتح)ی هادی عامری بكات و بەهۆی نزیكبوونەوەیشی لە (فەتح) سەدریشی لەخۆی دوورخستەوە كە خاوەنی هاوپەیمانی (سائیروون)ە.

بۆیە لەو بەر ئەوانەی باسیان لێوە كرا هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی بۆ هەڵبژاردنەكان بە بۆچوونی شرۆڤەكاران لەبەردەم جەنگی هەڵبژاردنەكان لاوازە و بەتاڵە لە كەسایەتییە كاریگەرەكان، ئەگەرچی ژمارەیەك كەسایەتی و پارتی سیاسی لەخۆ دەگرێت وەك خالید عوبێدی وەزیری پێشووی بەرگری عێراق و فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، بەڵام چاودێران پێیان وایە كە ئەو هەڵە تەكنیكییانەی عەبادی و كەمی ماوەی ماوە بۆ هەڵبژاردنەكان و دواكەوتنی لە پێكهێنانی قەوارە نوێكەی وایان لێی كرد كە روو لە گرووپەكانی سەر بە حەشدی شەعبییەوە بكات كە بەبەردەوام بەرهەڵستی دەكردن.  

لەگەڵ ئەوەی خاڵە بەهێزەكانی عەبادین جیا لەوەی لەلایەن ئەمەریكاوە قبووڵكراوە، سەركەوتنە بەسەر داعش و رێگرتنە لە پارچەبوونی عێراق و نەهێشتنی گەندەڵییە كە بە بەردەوام باسی لێوە دەكات، بەڵام موقتەدا سەدر لەو بارەوە هەڕشەیەكی راستەقینەیە بۆ عەبادی كە بەپێی شیكارییەكان ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە راپرسییەك لەسەر بنكەی جەماوەری سەدر كە لە ساڵانی دوایی توانی وێنەیەكی باش بۆخۆی لەناو مێشكی عێراقییەكان بچەسپێنێت و لەوەیش زیاتر توانی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ پارتە عەلمانییەكان ببەستێت.

دیپلۆماتكارانی رۆژئاوا وریایی دەدەن لەوەی دۆڕاندنی عەبادی لە هەڵبژاردنەكان رەنگە وڵات لە ناو ململانێكی تایفی نقووم بكات كە رەنگە پارچەی بكات، لەو كاتەی عەبادی بەهۆی لێكەوتەكانی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كوێت خەریكە پاڵپشتی سوننە لەدەست دەدات و ئەوان رەخنە لە لیستی پڕۆژەكان دەگرن كە عەبادی باسی لێوە كردن و ئەوانی تارادەیەك فەرامۆش كرد. 

كێشەیەكی تر ئەوەیە كە عێراقییەكان بەتایبەتی توێژی گەنجان وەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسی لێوە دەكەن داوای بایكۆتكردنی هەڵبژاردن دەكەن بەوەی ئەو چینە سیاسییەی فەرمانڕەوایی دەكات خاوەن مێژوویەكی پڕ لە گەندەڵی تایفین، بۆیە چاودێران پێیان وایە ئەگەر ئەو داواكارییانە سەربگرن، ئەوە شیعە دەست بەسەر كورسییەكانی پەرلەمانی نوێی عێراق دەگرن. 

شیكارییەكی كیرك سویل، لە ماڵپەڕی (سەنتەری كارنیجی)، پێشبینی دەكات كە ئەو هەڵبژاردنە حكوومەتێكی لاوزازی لێ بەرهەم بێت كە عەبادی بەڕێوەی ببات، لەو كاتەی شیعە دەیبەنەوە لەبەر چەند هۆكاریكەوە لەوانە بەهێزی رێكخستنی ئەوان و لاوازیی متمانەی كورد و سوننە بە حكوومەتەكانی شیعەی عێراقی. بۆیە خەونی عێراقییەكان بۆ گۆڕانكاری وەك راونانی سەراب وایە بەهۆی رۆڵی مەترسیداری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران لە رووی تەناهییەوە و نەخشەی سیاسی عێراق كە پێویست بە دابەشكردنی پۆست و كورسییە ویزارییەكان لەسەر بنەمایەكی مەزەوی و ئەتنی دەكات.

هەڵبژاردنەكانی عێراق كاریگەری بۆ سەر ناوچەكە و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش دەبێت، تەنانەت هەندێك لە شرۆڤەكاران وای دەبینن كە ئەو مینێكە لەسەر رێگەی ململانێی ئەمەریكا- ئێران، كە عێراق بووەتە گۆڕەپانێكی بەرەبەركانیی ئەو دوو وڵاتە كە لەو كاتەی ئێران هەوڵی رزگاربوون لە عەبادی و هاوپەیمانی (نەسر) بۆ بەرژەوەندی یەكێك لە سەرانی هاوپەیمانی (فەتح) دەدات یان بە گەڕاندنەوەی نووری مالیكی بۆ دەسەڵات، كە ئەوەیش لەلایەن ئەمەریكا بە تەواوەنی بەرهەڵستی دەكرێت و ئەو هەوڵی مانەوەی عەبادی دەدات، بەتایبەتی لە سایەی ستراتیژیەتی نوێی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات و فرەوانخوازیی ئێران. بۆیە هەڵبژاردنەكە ساتێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ رزگاربوون لە یەكێكیان، دەسەڵاتی ئەمەریكا یان ئێران و دووبارە دروستبوونەوەی هاوسەنگی هێز لە ناوچەی كەنداو كە بەیەكجاری مەترسیی داعش لەناو دەبات.  

سەرچاوە: كیتابات




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل