ئێران: پێویستە ئەسەد خەرجیی هێشتنەوەی بدات

:: PM:06:23:18/02/2018 ‌

فەرماندەیەكی سەربازی ئێران داوا لە رژێمی سووریا دەكات كە خەرجیی هێشتنەوەی لە دەسەڵات بدات، ئەو كارەی كە ئێران پارەیەكی زۆری لێ خەرجكردووە.

 لیوا یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژكاری سەربازی عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران لە سیمینارێك لە پەیمانگەی توێژینەوەكانی دوارۆژ لە دنیای ئیسلامی باسی پەرەسەندنەكانی تەنگژەی سووریای لە رووی سیاسی و سەر گۆڕەپانەكەیش كرد و رای گەیاند، ئێمە رژدین لە بەرگریكردن لە سووریا و سەلامەتی خاكەكەی، بەڵام پێویستە رژێمی ئەو وڵاتە خەرجییەكان بداتەوە. وەك ئاژانسی هەواڵی قوتابیانی ئێران (ئیسنا) باسی كرد.  

زیاتر گوتی، سووریا خاوەن سەرچاوەی سرووشتییە لە نەوت و گاز و كانەكانی فۆسفات و ئەو دەتوانێت لەو رێگەوە خەرجییەكانی جەنگ بداتەوە ئێران، هاوكات ئەو بەستنی رێككەوتننامەی دریژخایەنی لە نێوان سووریا و ئێران خستە روو بۆ مسۆگەركردنی قەرەبووكردنەوەی ئێران لە بەرانبەر ئەو زیانانەی بەری كەوتووە.

لەبارەی بوونی رووسیا لە سووریا ئاشكرای كرد، رووسیا گرێبەستێكی بۆ ماوەی 49 ساڵی لەگەڵ حكوومەتی سووریا بردووەتەوە و بنكەی سەربازی و دەستكەوتی سیاسی و ئابووریشی بەدەست هێناوە.

سەفەوی ئاماژەی كرد، وڵاتانی دراوسێی سووریا لەوانە ئوردن و ئیسرائیل و ئەمەریكا و سعوودیە دەیانویست رژێمی سووریا برووخێت، بەڵام هاوپەیمانی ئێمە رێگەی بە رووخانی نەدا و جیا لەوەیش دەسەڵاتی خۆیمان لە عێراق فرەوانتر كرد.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاهاتنی جەنگ لەدژی داعش لە سووریا، یاریكەرانی سەر گۆڕەپانكە خەریكی وەرگرتن و دابەشكردنی دەستكەوتەكانن، ئێستە ركابەرییەك لە نێوان رووسیا و ئێران هەیە لەسەر دەستكەوتە ئابوورییەكان و ئەوان هەوڵ دەدەن كە زیاترین دەستكەوت بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.

سەرچاوە: شەفەق نیووز







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل