رووباری دیجلە وشك دەبێت؟

:: PM:06:49:18/02/2018 ‌

گرتنەوەی ئاوی زیاتر لە 40 رووبار و كەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە، هەڕەشە لە دانیشتوانی پارێزگای میسان و شارەكانی باشووری عێراق دەكات، بەو هۆیەوەشەوە پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو دەكات.

ئەگەرچی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو باران وەك پێویست نەباریوە و سەرەڕای  ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بارانێكی زۆر لە عێراق باری، بەڵام نەیتوانی رووباری مەجەر لە وشكبوون بپارێزێت كە بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر عێراق كە لە مێژوودا وڵاتی دوو رووبارەكە هەڕەشەی وای بە خۆیەوە نەبینیوە. ئەو ئاوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە رێی بارینی بارانەوە رژاوەتەوە ناو رووبارەكە توانیویەتی كەمێك لە زیانەكە كەم بكاتەوە، بەڵام بەس نییە بۆ ئەوەی رووباری مەجەر لە وشكبوون بپارێزێت و نابێتە هۆی رزگاركردنی عێراق لە كەمی ئاو كە بەهۆی كەمبوونەوەی پشكی عێراق لە هەردوو فوڕات و دیجلە رووبەڕووی هەڕەشەیەكی مەترسیدار بووەتەوە.

 بە گوێرەی سەرچاوەكانی حكوومەتی عێراق ئەو بڕە ئاوەی لە سەرچاوە ئاوییەكانی ئێران و توركیا دەڕژێنە عێراق بە رێژەیەكی گەلێك زۆر دابەزیوە، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ كەمبوونەوەی باران و بەرز بوونەوەی پلەی گەرما كە هەموویان بەیەكەوە یارمەتیدەرن بۆ وشكبوون.

 زافر عەبدوڵا، راوێژكار لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان دەڵێ، هێشتا عێراق بە رێگە كلاسیك و كۆنەكەوە ئاو گل دەداتەوە و جووتیارانیش بە هەمان شێوە بە ترۆمپاكانیان ئاوێكی زۆر بۆ كشتوكاڵەكانیان بەكار دێنن، بەمەیش دەبێتە هۆی خراپ بەكارهێنانی ئاو و دابەشكردنی لە نێوان پارێزگاكان.

 ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، یەكێكی تر لە هۆكارەكان كە هەڵەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوە، پاك نەكردنەوەی رووبارەكانە لە پیسایی و گژوگیا بێ سوودە كە دەبێتە هۆی قەتیسبوونی ئاو و پەنگخواردنەوەی لە یەك ناوچەدا.
 
بەهۆی بەنداوی كوت، ئاوی رووباری دیجلە بە رێژەیەكی زۆر كەم دەكات، ئەمەیش زیان بە پارێزگاكانی عیمارە و بەسڕە دەگەیەنێت و زیانیش لە رووبارە بچووكەكان دەدات كە ئاو دەگەیەنن بە باكوری ناوچەی ئەهواز.

جگە لەمە رووباری مەجەری گەورە پێشتر لە چركەیەكدا 150مەتر سێجا ئاوی دەڕژاندە ناو دیجلە، بەڵام بۆ كەمتر لە 10 مەتر سێجا كەمبووەتەوە.
 
لەسەر ئەو پرسە پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی حەسەن جەنابی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان دەكرێت بۆ گوێگرتن لە راپۆرتی وەزارەت و هەوڵەكانیان بەرەنگار بوونەوەی كەمئاوی. هاوكات حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی داوە بۆ ئیدارەدانی ئەو تەنگژەیە و پاككردنەوەی پاشماوەكانی ناو رووبارەكان، ئەمە جگە لەوەی پێشتریش حكوومەتی عێراق لەسەر كەمبوونەوەی پشكی ئاوی دیجلە و فوڕات لەگەڵ حكوومەتی توركیا هەوڵی زۆری داوە.
 
راوێژكاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێ لە دانوستاندنەكانمان لەگەڵ توركیا گەیشتینە رێككەوتن كە حكوومەتی توركیا پڕۆژەی بەنداوی ئەلیسۆ تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو دوا بخات، چونكە 70%ی داهاتی ئاوی عێراق لەم ماوەیەدایە.
 
لای خۆیەوە وەزارەتی كشتوكاڵ رای گەیاند بەهۆی كەمی بارانبارین پێدەچێ داهاتی بەرهەمی گەنم و جۆ بۆ ساڵی 2018 بە رێژەی 30% كەم بكات. ئەمە لە كاتێكدایە بە پێی ئامارەكان ئەو بارانەی ئەمساڵ باریوە لە ماوەی 70 ساڵی رابردوودا عێراق كەمی بارانبارینی وەهای بەخۆیەوە نەبینیوە.
 
كامل غریری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێ یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئاوی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ سیاسییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە كە مێژووێكی دوور و درێژی هەیە. ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە ئەمە بووەتە كارتێكی پاڵەپەستۆ بەسەر عێراق، بۆیە پێویستە وەزارەتی دەرەوە بە پەلە بجولێتەوە بۆ دەرباز كردنی عێراق لە تەنگژەی ئاو و گفتوگۆی رژد لەگەڵ توركیا و ئێران لەسەر ئەو پرسە بكات.

ئەوەیشی خستە ڕوو تاكە چارەسەر بۆ رزگاركردنی باشووری عێراق لە وشكبوون دروستكردنی بەنداوی نوێیە و دابەشكردنی ئاو بەسەر پارێزگاكان بە شێوەیەكی یەكسان. گوتی، "بەداخەوە دۆسیەی ئاو لە دوای 2003 لەلایەن حكوومەتی عێراق پشتگوێ خراوە".
  

 هەڕەشەكانی وشكبوونی دیجلە وای كرد چالاكوانانی پارێزگاكانی باشووری عێراق هاشتاگی وشكبوونی دیجلە رابگەیەنن و تێیدا هۆشداریان دا كە وشكبوونەكە دەگاتە بەغدای پایتەختیش، داوایان لە حكوومەت كرد پەلە بكات لە گوشار خستنە سەر توركیا و ئێران بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر.
 
جاسم ئەسەد، راوێژكاری رێكخراوی ژینگەی عێراق و پسپۆری ژینگەیی دەڵێ ئەو بڕە ئاوەی لە رووباری دیجلە رژاوەتە ناو عێراق لە دوو مانگی رابردوودا، لە یەك چركەدا 140 ملیۆن مەتر سێجا بووە، بەڵام پێشتر 550 ملیۆن مەتر سێجا بووە.

روونی كردەوە، ئاوی ئەمباركراو لە مووسڵ لە 321 مەترەوە بۆ 292 مەتر كەمی كردووە، بەهەمان شێوە لە بەنداوی حەدیسەی سەر رووباری فوڕاتیش ئاوێكی زۆر كەمی كردووە، بە گشتی لە هەردوو بەنداودا 11 ملیار مەتر سێجا ئاو كەمی كردووە.

لەلایەكی ترەوە 64 تیلە ئاو كە لە ئێرانەوە دەڕژانە ناو رووباری دیالە هەر هەموویان لەلایەن ئێرانەوە داخراون، ئەمەیش هەڕەشەی وشكبوون بۆ سەر رووباری دیالە زیاتر دەكات، هەمان رەوشیش لە رووباری كاروون دەگوزەرێت كە لە ئێرانەوە دەڕژێتە ناو شەتی عەرەب و وشكبووە، ئەمەیش كاریگەری لەسەر شەتی عەرەب دروست كردووە و رێژەی خوێی دەریای تێیدا بەرز بووەتەوە.

لە ئێستەدا 75 بۆ 80%ی داهاتی ئاوی عێراق بۆ كشتوكاڵ بەكاری دێنێت، بۆیە پسپۆران پێیان وایە یەكێ لە چارەسەرەكان ئاودانی قەترەیە و پشتكردنە لە ئاودانی سەیحی.

 بە گوێرەی پێشبینیەكانی كەشوهەوا، هاوینی ئەمساڵ یەكێك دەبێت لە گەرمترین هاوین لە پارێزگاكانی باشووری عێراق، ئەمە جگە لە وشكییەكی توند، هاوكات رەوشی كشتوكاڵ و ژینگەش زۆر خراپ دەبێت.
 
سەرچاوە/ جەزیرە


وشە - فه‌رمان سادق