پارێزگاری سلێمانی مەرج بۆ هاووڵاتییانی شارەكە دادەنێت

:: PM:09:19:18/02/2018 ‌
پارێزگاری سلێمانی نووسراوێكی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخستنی پسووڵەی خۆراكی سلێمانی كردووە و داوای كردووە تا هاووڵاتییان خۆیان لە بایۆمەتری دەنگدان تۆمار نەكەن پسووڵەی نوێی ساڵی 2018یان پێ نەدرێت.

لە بەرانبەر ئەو نووسراوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، ئەندامێكی لیژنەی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پێدانی پسووڵەی خۆراك بە هاووڵاتییان پێوەندی بە تۆماری دەنگدانەوە نییە و ئەو نووسراوە نا یاساییە.

زانا ڕۆستایی، ئەندامی لیژنەی یاسای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ شتێكی لەم شێوەیە لە ئارا نییە كە هەر كەسێك خۆی لە تۆماری دەنگدا تۆمار نەكردبێت، نەتوانێت پسووڵەی نوێی خۆراك وەرگرێت.

زیاتر گوتی، هیچ یاسایەك نییە باس لەوە بكات و هاووڵاتیی ناچار بكات خۆی تۆمار بكات بۆ هەڵبژاردنەكان لە بەرانبەر هیچ شتێك.

بەپێی نووسراوەكە هەڤاڵ ئەبوبەكر، داوای كردووە سەرجەم بریكارەكان ئاەادار بكرێنەوە كە  پێدانی پسووڵەی نوێ پابەندكراوە بە پێشكەشكردنی خۆ تۆماركردن لە سیستمی بایۆمەتری دەنگدان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم