لە كەركووك داعش ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی دەرفێنێت

:: PM:11:09:18/02/2018 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی لە كەركووك رای گەیاند كە ئەمڕٍۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە نێوان چەكدارانی داعش و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شارەدێی ریاز لە كەركووك رووی داوە و ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدرالی عێراق رفێنراون، هاوكات داعش لە ناوچەی رەتبە لە ئەنبار هێرشی كردە سەر سوپای عێراق.

لە كۆتای ساڵی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەركەوتنی بەسەر داعش راگەیاند، ئەو كارەی چاودێران بە بڕیارێكی سیاسیان لە قەڵەم دا و ئاماژەیان كرد كە هێشتا زووە بۆ راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەدا.

بە پێی سەرچاوە تەناهییەكان لە شاری كەركووك كە بە "وشە"یان راگەیاند، ئەمڕۆ لە باشووری رۆژئاوای كەركووك رووبەڕووبوونەوە لە نێوان چەكدارانی داعش و میلیشیاكانی حەشدی و پۆلیسی فیدرالی عێراق رووی داوە و لە ئەنجامدا 16 چەكداری حەشدی شەعبی و 3 پۆلیسی فیدرال رفێنراون و 3 پۆلیسی تریش بریندارن. 

بە پێی "شەفەق نیوز" رووبەڕووبوونەوەكە لە شارەدێی ریاز بووە لە نێوان لیوای عەلی ئەكبەر و چەكدارانی داعش لە نزیك پردی سەعدوونییە لە شارەدێی ریاز و زانیارییەكان ئاماژە بۆ رفاندنی زیاتر لە 20 چەكداری حەشدی شەعبی لە گوندی سەعدوونییە دەكەن.

بە پێی "غەد پرێس" هەر ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق لە ناوچەی رەتبە و فەیزە لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و پێنج سەربازیان بریندار كردووە، جیا لەوەیش هێرشێكیتر لە ناوچەی سەبعین بۆ سەر خاڵێكی پشكنینی سوپا رووی داوە، جیا لە دەستگرتن بەسەر چەند ئۆتۆمبیلێكی سەر بە حزبوڵا لە رێگەی بیابانی لە مەكر زیب و كوشتن و رفاندنی شوفێری ئۆتۆمبێلەكان.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل