وەك لە كێبەركێیەكانیان چاوەڕوان دەكرا هەریەك لە نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی و هادی عامری بوونە سەرۆكی لیستەكانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لە سەر پارێزگای بەغدا كە لە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوە دەچێت كە لە ماوەی رابردوو بەو هۆیەوە نەیانتوانی یەكبگرن و بۆ داهاتوویش چاوەڕوانی بەربەرەكانییەكی سەخت بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەكەن.
بە پێی لیستی هەڵبژاردنی (دەوڵەتی یاسا)، نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی حزبی دەعوە سەرۆكی لیستەكەیە و ژمارەیەك پەرلەمانتار و كەسایەتی نزیك لە خۆی ناویان لە لیستەكەدا هاتووە.
هەرچی هاوپەیمانی (نەسر)ە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات ناوی عەبادی پلەی یەكەمە لەسەر پارێزگای بەغدا سروە عەبدولواحیدیش ژمارە شەشی هەیە لە لیستەكەیدا.
هەرچی لیستی (فەتح)ە بە سەرۆكایەتی هادی عامری بۆ پارێزگای بەغدا، عامری خۆی لە پلەی یەكەم دێت و هەمام حەموودی و ئەحمەد ئەسەدیش لەو لیستەدان، كە زۆرینەی كاندیدانی سەر بە حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت.
لیستی (سائیروون)ی رەوتی سەدر لە 138 كاندید پێك هاتووە كە بە ماجیدە تەمیمی دەست پێ دەكات و رائید فەهمی، سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق لەو لسیتەدایە.