ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ڕێی ئاژانسی "ئەعماق"ی زمانحاڵی تیرۆریستان، بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرش و ڕووداوە تیرۆریستییەكەی شەوی ڕابردووی هەرێمی داغستانی باشووری ڕووسیای ڕاگەیاند، كە كرایە سەر كەنیسەیەك و بووە هۆی كوشتنی پێنج كەس و تا ئێستەیش لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.
میدیاكانی ڕووسیا لە زاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی داغستان بڵاویان كردەوە، پیاوێك لە ناو ئاپۆرای خەڵك كە لە كەنیسە دەهاتنە دەرەوە، دەستی بە دەستڕێژی فیشەك كردووە و بەوهۆیەوە پێنج كەس كوژراون و بەلایەنی كەمەوە پێنج كەسی تریش بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی داغستان لەوبارەوە ئاشكرای كرد، هێرشەكە لەلایەن كەسێكی نەناسراو و بە چەكێكی ڕاوكردن لە ناوچەی كیزلیار ئەنجام دراوە، لەوكاتەی خەڵكی لە كەنیسەی شارۆكەكە هاتوونەتە دەرەوە، بكوژەكە دەستی بە تەقەكردن كردووە و چوار لە كوژراوانیش ژنن و یەكێكیان پیاوە.
ئاماژەی داوە، هێرشبەرەكە لەلایەن دوو لە ئەندامانی هێزی ئاسایشی ناوخۆ تەقەی لێ كراوەتەوە و دەسبەجێ كوژراوە و پۆلیسی ناوچەكەیش دووپاتی لەوە دەكاتەوە، هێرشەكە لەلایەن دوو كەسەوە ئەنجام دراوە، پیاوێك و ژنێك بوون، پیاوەكە كوژراوە، بەڵام ژنەكە لەناو ئاپۆرای خەڵك خۆی حەشار داوە و ویستوویەتی ڕا بكات، بەڵام هێزەكانی پۆلیس توانیویانە بیگرن.
رەسوول تەمیربیكۆڤ بەڕێوەبەری یاریدەدەری لقی لاوەكی لێژنەی لێكۆڵینەوەی ڕووسیا بە میدیاكانی ڕاگەیاند، تەقەكەرەكە خەڵكی شارۆكەی كیزلیار بووە و هەر لەو شارۆكەیەش هێرشەكەی ئەنجام داوە، لەدایكبووی ساڵی 1995یش بووە.
دوای هێرشەكە، تیرۆریستان لە ڕێی ئاژانسی "ئەعماق"ەوە بەرپرسیاریەتی خۆیان لە هێرش بۆ سەر كەنیسەكە ڕاگەیاند، ئەم ڕووداوەیش لە كاتێكدایە تەنیا دوو مانگ بۆ هەڵبژاردنەكانی ڕووسیا ماوە.
داغستان یەكێكە لە هەرێمەكانی ڕووسیای فیدراڵ و هاوسێی هەرێمی شیشانە و زۆرینەی دانیشتووانی مسوڵمانانن و بە هەژارترین و پەراوێزخراوترین ناوچەی ڕووسیا دادەنرێت.