دیمستۆرا: دەستووری نوێ بۆ سووریا دەنووسرێتەوە

:: AM:09:16:19/02/2018 ‌

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا ئاشكرای كرد، جیا لە دانوستاندن و گفتوگۆكانی جنێڤ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هیچ شوێنگرەوەیەكی تر بوونی نییە و پێویستە دەستووری نوێی سووریایش لە گفتوگۆكانی جنێڤ بنووسرێتەوە و بڕیاری لێ بدرێ.

ستیڤان دیمستۆرا نێردەی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا لەمیانەی بەشداری لە كۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش ئاشكرای كرد، زۆر پێویستە لە ئێستەوە دەست بە دانانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بكرێ و لە گەڕی نوێی دانوستاندن و گفتوگۆكانی جنێڤ بخرێتە بەرباس و بڕیار لەسەر دەستووری نوێی سووریا بدرێ، ئێمە نەخنكاوین و هەوڵەكانمان بە پلەی بەرز بەردەوامی هەیە و هەر دەگەین بە ئەنجامێكی ئەرێنی.

زیاتر گوتی، كۆنگرەی سۆچی بۆ گفتوگۆی نیشتمانییانەی سووریا و دانوستاندنەكانی ئاستانا سوودبەخشن، بەڵام پێویستە لە كۆتای هەموو پرسەكان لە جنێڤ یەكلا بكرێنەوە، مادام هەمووانیش سوورن لەسەر وەستاندنی شەڕ و ئاڵۆزییەكان، زۆر پێویستە بەشداران بە ڕژدی و بەرپرسیاریەتییەوە كار بكەن و سووریا لەو مەترسییانە ڕزگار بكەن.

لە 30 كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ كۆنگرەی سۆچی بۆ گفتوگۆی لایەنە ناكۆكەكانی سووریا دەستی پێ كرد و لە دەرئەنجامی كۆنگرەكەیش هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ بۆ سووریا و یەكلاكردنەوەی پرسە سیاسی و ناكۆكییەكان بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەگوێرەی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان.

سەرچاوە/العربیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د