ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەگەڵ سێ لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی، تەوەرەكانی هەمواركردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران دیاری كردووە، بەگوێرەی كاتیش هەموارەكە دەست پێ دەكات، تا سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رەزامەند دەبێ بەو شێوازە ڕێككەوتنە نوێیە دوای هەمواركردنەوەی.
بەگوێرەی پەیامێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە وێنەیەكی دەست "رۆیتەرز" كەوتووە، لەگەڵ چاوپێكەوتنێك لەگەڵ بەرپرسێكی باڵای وەزارەتەكە، دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەم هەفتەیە ڕووبەڕووی دۆخێكی قورس دەبنەوە، دوو بەرپرسی ئەوروپی و بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرایان كرد، هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ئەمەریكا بە وردی نازانن ئەمەریكا چی دەوێ و ترەمپ بە چ جۆرە هەمواركردنەوەیەكی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ڕازییە.
بەرپرسان ئاشكرایان كرد، پێنج بەرپرسی ئەوروپا و چواری پێشووی ئەمەریكا لەو پەیامەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەیان بۆ ئەوە داوە، كە ئەمەریكا چی لە ئەوروپییەكان دەوێ، پێوەر و تەوەرەكانی هەمواری ڕێككەوتنی ئەتۆمی چین و بە كام جۆر ئەمەریكا پێی ڕازی دەبێ.
لە پەیامەكەدا هاتووە، داواتان لێ دەكەین پابەند بن بە كاركردن بەو ڕێككەوتنە و دواتر ڕێككەوتنێكی تەواوكاری لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێ بۆ پرسی پەرەپێدانی مووشەكی دوورمەودا و تاقیكردنەوەیان، ئەمەیش بە ڕەچاوكردنی دادگای ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی و چاككردنەوەی خاڵە نەرێنی و هەڵەكانی ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی.
بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی لە تەمووز/یۆلیۆی 2015 لە نێوان وڵاتانی پێنج + یەك لەگەڵ ئێران ئەنجام درا، كە بریتین لە وڵاتانی بەریتانیا، چین، ڕووسیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، ئەمەریكا، بۆ كەمكردنەوەی توانای پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە بەرانبەردا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا گەمارۆكانیان لەسەر ئێران لا دەبەن.
ترەمپ پێشتر شكستی ڕێككەوتننامەكەی ڕاگەیاند و دووپاتی لەوە كردەوە، ئەو ڕێككەوتنە لە مامەڵەكردن لە پرسی پەرەپێدانی مووشەكە دوورمەوداكان لەلایەن ئێرانەوە شكستی هێناوە، جیا لەوەیش پكشنەرە نێودەوڵەتییەكان ناتوانن بچنە ئێران و كوورە ئەتۆمییەكانیان بپشكنن، هاوكات ئەو كاتەی بۆ جێبەجێكردنی دیاری كرابوو و پێڕەو نەكراوە، بۆیە ئەو سێ هەڵە و جێبەجێكردنە پێچەوانەوەیە شكستی ڕێككەوتنەكەی دووپات كردووەتەوە و ئەمەریكا بیر لە كشانەوە لە ڕێككەوتنەكە دەكات.
پێشتر ترەمپ لە 12ی كانوونی دووەم/یەنایەر هاوپەیمانەكانی ئەوروپای ئاگەدار كردەوە، كە پێویستە لەسەریان ڕەزامەند بن لەسەر هەمواركردنەوەی ڕێككەوتنەكە و نەهێشتنی كەلێنەكانی، بە پێچەوانەوە سزا و گەمارۆكانی سەر ئێران لەلایەن واشنتنەوە توندتر دەكرێن.