ئەتلەتیكۆ مەدرید بردییەوە و جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ بەرشەلۆنە كەم كردەوە

:: AM:09:52:19/02/2018 ‌

شەوی رابردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یارییەكی بەهێزدا سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو بەدەستهێنا و جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگی خولی ئیسپانیا كەم كردەوە.

دوێنێ یەكشەم یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەتلەتیك بیلباوی بردەوە.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هیچ كام لە یانەكان نەیانتوانی گۆڵی یەكتر بهەژێنن هەرچەندە یاریزانانی یانەی ئەتلەتیك بیلباو هێرشی مەترسیداریان دەكرد بۆ ئەوەی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید تووشی شۆك بكەن.

لە گێمی دووەمدا یاریزانانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید باشتر دەركەوتن و توانیان 2 گۆڵ لە رێگەی یاریزانان كیڤن گامێرۆ لە خولەكی 67 و دییگۆ كۆستا لە خولەكی 80 تۆمار بكەن.

بەم سەركەوتنە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ژمارەی خاڵەكانی بۆ 55 بەرز كردەوە و بە جیاوازی 7 خاڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا لە ریزبەندی دووەم مایەوە، خاڵەكانی یانەی ئەتلەتیك بیلباویش لە 28 و لە ریزبەندی 14ی یانەكان مایەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م