مارسێلۆ لە یاری داهاتووی پاریس سان جێرمان یاری ناكات

:: AM:10:02:19/02/2018 ‌

مارسێلۆی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید لە یارییەكەی دوێنێ یەكشەم بەرامبەر یانەی ریال بیتس لە خولی ئیسپانیا تووشی پێكان بوو و بەهۆیەوە ناتوانێ لە یاری داهاتووی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی یاری بكات.

دوێنێ یەكشەم یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 3-5 گۆڵ لە یانەی ریال بیتیسی بردەوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد: مارسێلۆ تووشی پێكانی ماسوولكەكانی پشتەوەی رانی هاتووە و ئەمە وای كرد نەیتوانێ لە یاریكردن بەردەوام بێت و لە خولەكی 28 یارییەكەی نێوان ریال بیتس و ریال مەدرید جێبێڵێ.

رۆژنامەكە بەدەستكەوتنی چەند زانیارییەكی نهێنێ ئاشكرای كرد بۆ چاكبوونەوە مارسێلۆ پێویستی بە 2 هەفتە پشوو و چارەسەری پزیشكی هەیە، بەمەش ناتوانێ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان یاری بكات.

یانەی ریال مەدرید لە یارییەكەی رابردوودا بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان یاریزانێكی سەرەكی تریشی بەهۆی پێكانەوە لەدەستدابوو ئەویش تۆنی كڕووسی ئەستێرەی ئەڵمانی بوو كە تا ئێستا دیار نییە بۆ یاریی یانەكەی پایەتەختی فڕەنسا ئامادە دەبێت یان نا.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید هەفتەی رابردوو لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی پاریس سان جێرمانی بردبووەوە، رۆژی 6ی مانگی داهاتووش هەردوو لە شاری پاریسی پایەتەختی فڕەنسا لە یاریی گەڕانەوەدا دووبارە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م