گۆڕان لەبارەی خۆكاندیدكردنی سروە عەبدولواحید لە لیستەكەی عەبادی هاتە دەنگ

:: PM:03:17:19/02/2018 ‌
پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان دووپات لەوە دەكاتەوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق كە لە 12 ئایار/ مایۆ ئەنجام دەدرێ، دەسبەرداری بزووتنەوەی گۆڕان دەبێ و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "نەسر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق كاندید دەكات. بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەكەیش دەڵێت، بزووتنەوەی گۆڕان هیچ ئاگەدارییەكی لەوبارەیەوە نەبووە و قسەی لەبارەیەوە نەكردووە.

سروە عەبدولواحید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان كە ئێستە یەكێكە لە كاندیدەكانی عەبادی لە شاری بەغدا، ڕای گەیاندووە كە لەسەر بڕیاری بزووتنەوەكەی ئەو كارەی كردووە و پێشتر ئەوانی لێ‌ ئاگەدار كردووەتەوە.

لە بەرانبەردا ڕێبوار ئەحمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان هیچ قسەیەكی لەوبارەوە نەكردووە و ئاگەدار نەبووە، چونكە ئەو بابەتە پێوەندی بە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە لە بەغدا.

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتی لەسەر ئەوە كردووە كە گۆڕان ئەو پرسەی داوەتە دەست فراكسیۆنەكەیان لە بەغدا و ئەوان پرسەكە یەكلا دەكەنەوە، بۆیە ئێستە هیچ قسەیەكی لەبارەوە ناكەن.

پێشتر سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، دووپاتی كردەوە كە پەرلەمانتاری گۆڕان "سروە عەبدولواحید" لە چوارچێوەی لیستی نەسر یەكێك دەبێ لە كاندیدەكان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.

سێشەمی ڕابردوو سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان كشانەوەی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، بێ ئەوەی هیچ هۆكارێك بۆ دەست لەكاركێشانەوە لە بزووتنەوە بخاتە ڕوو و زانیاری لەبارەی خۆ كاندیدكردنەوەی لە چوارچێوەی هەر لیستێكی تر ڕابگەیەنێت.

سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی كۆمپانیای نالیایە، براكەیشی لە چوارچێوەی لیستی نەوەی نوێ بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، پێشتر سروەی پەرلەمانتاری گۆڕان لە چوارچێوەی دیدارێكی لەگەڵ كەناڵێكی عەرەبی هێرشی توندی كردە سەر پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لەو كەناڵە عێراقییە، كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگەی بە "لەشفرۆش" و "سواڵكەر" ناو برد، ئەمەیش لەلایەن پێشمەرگەی كوردستان و تەواوی خەڵكی كوردستان بە توندی سەركۆنە كرا و خۆپێشاندانی گەورە دژی ئەو هەڵوێستەی ناوبراو ساز كرا، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان هەرچەندە دووپات لە پیرۆزی پێشمەرگە دەكاتەوە و ڕێكخەری پێشوو و ئێستەیشی پێشتر پێشمەرگە بوون، بەڵام هیچ لێپرسینەوە و ڕێوشوێنێكیان بەرانبەر بەو سووكایەتییەی پەرلەمانتاری لیستەكەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەگرتەبەر.

سروە لە دایكبووی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 1996 لە ڕۆژنامەی "الاتحاد"ی زمانحاڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی بە كاری ڕۆژنامەوانی كردووە، دواتر كۆلێژی ئاداب بەشی عەرەبی تەواو كردووە و ماوەی چوار ساڵ وەك مامۆستا وانەبێژ بووە، پێشتر لە ڕیزەكانی یەكێتی بووە، بەڵام دواتر لە میدیا بیانییەكان وەك ڕۆژنامەوان كاری كردووە، پاش دامەزراندنی كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن براكەیەوە، كراوەتە بەرپرسی نووسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تی، لە 2014 لەسەر لیستی گۆڕان كاندیدی هەڵبژاردن بووە و وەك یەكێك لە كاندیدە دەرچووەكان چووەتە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی چوار ساڵی ڕابردوویش زۆرترین لێدوانی دژی مافەكانی گەلی كوردستان و خەڵك و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان داوە، بە تەواویش لێدوانەكانی خزمەت بوون بەرانبەر بەو ڕەوتە شۆڤێنییەی لە بەغدا دژی هەموو مافێكی خەڵكی كوردستانن، ئەمیش بۆ خۆبردنە پێشەوە و كاندیدكردنی لەسەر لیستی ئەوانەی دژایەتی كوردستان دەكەن، لەو كارانەی بەردەوام بوو، ئێستەیش بەرهەمی دەچنێتەوە و دەچێتە ڕیزی عەبادی كە بڕیاری هێرشكردنە سەر كوردستانی دا و ڕۆژێك مووچە دەنێرێت و ڕۆژی دواتر لێی پەشیمان دەبێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم