ژنێك لەسەر سەردانیكردن خۆی سووتاند و مرد

:: PM:03:55:19/02/2018 ‌

ژنێكی تەمەن 20 ساڵ دوای ئەوەی لەگەڵ مێردەكەی لەسەر سەردانیكردن نەگەیشتوون بەئەنجامێك، خۆی دەسووتێنێت و گیان لە دەست دەدات و هاوسەرەكەشی بەهۆی كوژاندنەوەی جەستەی دەسووتێت.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی شوبات، شۆڕش كاكە بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە ئامێز عومەر مەولوود لەدایكبووی 1998، شەوی 15 ـ2 لەسەر كێشەیەكی سەردانكردن لەگەڵ هاوسەرەكەی نەگەیشتوونە یەكتر، خۆی سووتاندووە بەنەوتی سۆپا.

بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە دەڵێت، ئامێز دەرگەی لەسەر خۆی داخستووە، هەرچەندە هاوسەرەكەی هەوڵی دەربازكردنی داوە، %40ـی جەستەی ئەویش سووتاوە، بەڵام ڕێژەی سووتانی ئامێز زۆر بووە، ئەمشەو گیانی لە دەست دا، لاپەڕەی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی ئازادی كرایەوە و دادوەری لێ ئاگەدار كرایەوە و هاوسەرەكەی گیرا.

هەوار شاخەوان توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر خۆسووتانی ئەو ژنەی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی دەروونێكی ئارام و تەمەنێكی بچووك و تێنەگەیشتن لە ژیان، هۆكاری پەنابردنە بۆ خۆكوشتن.

ئەو توێژەرە زیاتر گوتی، كچانی هاوشێوەی ئامێز زۆرن كە دایك و باوكیان هێشتا ڕەچاوی تەمەنیان ناكەن بە شوویان دەدەن، ئەگەر بە خواستی خۆشیان بێت پێویستە لەگەڵ خێزانێكی گەورە بژین تا لە پەروەردەی خێزانی دانەبڕێن.

لە سەرەتای ساڵی 2018 دیاردەی خۆكوشتن و كوشتن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.



وشە - رامیار جەواد