"ئەو پارەیەی لە چاكسازی بەدەست دێت پاشەكەوتی مووچەی پێ دەدرێتەوە"

:: PM:04:04:19/02/2018 ‌

لیژنەی یاسای كۆتای بە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای چاكسازی هێنا و ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، مادەیەكی پڕۆژەكە ئاشكرا دەكات كە پەرلەمان دایناوە، ئەویش ئەو پارەیەی حكوومەت لە چاكسازی بە دەستی دەهێنێت، دەبێت بۆ مووچەی پاشەكەوت بەكار بێت.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی شوبات، بەهار مەحموود جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ‌ كۆتامان هێنا بە تەواوی پڕۆژەكە و ئەمڕۆ بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەرز كراوەتەوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە پڕۆژە یاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان، مادەیەكی بۆ زیاد كراوە ئەو پارەیەی حكوومەت بە دەستی دەهێنێت لە چاكسازی، پێویستە بۆ پاشەكەوتی مووچە خەرج بكرێت كە ئەمەش جێی دڵخۆشییە.

بەهار ئاشكرای كرد لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاساكە دەكرێت و بەهیواین بتوانرێت ئەو گەندەڵییەی لە كەرتی گشتی هەیە، نەمێنێت و كەسانی ناشایستە كە دامەزرێنراون، ناوەكانیان لاببرێت.

پڕۆژە یاسای چاكسازی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتای ساڵی 2017 ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرا.
رامیار 



وشە - رامیار جەواد