دەزگەی خێرخوازیی بارزانی یارمەتی هەزاران خێزانی ئاوارە دەدات

:: PM:02:24:22/11/2016 ‌

دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بەهەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی مرۆیی، هاوكاری خۆراكی و كەلوپەلی ناوماڵی بەسەر دوو هەزار خێزانی ئاوارە لە كەمپی خازر و حەسەن شام لە سنووری پارێزگای مووسڵ دابەش كرد.

دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بڵاوی كردەوە لە كەمپەكانی حەسەن شام، خازر و زیلكان، رۆژانە دوو ژەم‌ خواردنی گەرم بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەكات كە تازە ئاوارە بوون و روویان لەو كەمپانە كردووە.

دەزگەكە باسی لەوەش كرد كە بەهەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری عێراقی و مانگی سووری توركی و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە چەند هەڵمەتێكی جیادا چەندان پێداویستییان بەسەر ئاوارەكانی كەمپی خازردا دابەش كرد، لەوانە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هەزار خێزان و‌ هەر خێزانێك 20 لیتر نەوتیان پێ درا، هەروەها دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بەهاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی UNHCR جلوبەرگ و بەتانی و دۆشەك حەسیر و پێداویستی ناوماڵی‌ بەسەر هەزار خێزانی ئاوارەی كەمپەكانی خازر و حەسەن شامدا دابەش كرد.

هەر ئەمڕۆ لە كەمپەكانی دیبەگه هەزار و ٤٢٦ خێزانی ئاوارە هاوكاری كران. لەو كەمپانەش‌ ژەمەخۆراكی گەرم و پێداویستی ناوماڵ و پارسێلی خۆراك و چەندان پێداویستی تر بەهاوكاری ژمارەیەك رێكخراو پێشكەش بە هەزار و ٧٤٩ خێزان و دوو هەزار و ١٠ ئاوارەی مووسڵ و ناوچەكانی دەوروبەر كرا.

لە هەڵمەتێكی تردا دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەردوو رێكخراوی UNHCR و NRC بۆ وەرزی زستان، سەتڵ و ئاو و پێداویستی پاككەرەوە و خواردنی لەقوتوونراو، پێداویستی ئافرەتان، بەتانی ، دۆشەك، سێت مەتبەخ و نەوتی سپی بەسەر هەزار و ٣٦٦ خێزان و 276 كەسی تر دابەش كرد. 

هەروەها دەزگەكە بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و كەنیسەی دهۆك، شیر و پێداویستی منداڵانی بەسەر 60 خێزان و 234 منداڵ دابەش كرد. لە لایەكی ترەوە  بەهەماهەنگی لەگەڵ IRCS,WFP, و كۆمپانیای دارین و فەرمو، دوو ژەمە خواردنی گەرمیان بەسەر 850 كەسی تازە ئاوارەی كەمپەكانی دیبەگه دابەش كرد.


وشە - سلێمان تاشان