حكوومەت توانای دابینكردنی 300 ملیۆنی بۆ پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون نییە" />

"پڕۆژەكە بوەتە شوێنی مەی خواردنەوە"
حكوومەت توانای دابینكردنی 300 ملیۆنی بۆ پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون نییە

:: PM:07:38:19/02/2018 ‌
بەهۆی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە شارەزوور ڕاگیراوە كە لە حەوت باڵەخانەی سێ نهۆمی و 84 یەكەی نیشتەجێبوون پێكدێت، پڕۆژەكە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بڕیاری دروستكردنی درابوو، بەڵام ئێستە بەهۆی تەنگژەی داراییەوە پڕۆژەكە ڕاگیراوە و تەواوی باڵەخانەكانیش لەلایەن هاووڵاتییانەوە شێوێنراون.

قایمقامی شارەزوور نیگەرانی خۆی لە راوەستانی ئەو پڕۆژەیە پێشان دەدات و ڕای گەیاند، لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێیان ڕاگەیاندووە ناتوانن ئەو پڕۆژەیە تەواو بكەن كە بڕیاربوو بەشێكی بدرێت بە هاووڵاتییانی كەمدەرامەت و بەشێكی تریشی بدرێت بە فەرمانبەران.

سیروان كانی خانی، هاووڵاتییەكی دانیشتووی شارەزوورە و بۆ "وشە" گوتی، ماوەی چەند ساڵێكە چەند یەكەیەكی نیشتەجێبوون دروست كراون، بەڵام پڕۆژەكە بەهۆی تەنگژەی داراییەوە ڕاگیراوە و دابەشكردنیشی وەستاوە و بەهۆی كەمتەرخەمی ئیدارەی سنوورەكە شوقەكان ئێستە زۆربەی شوقەكان بەرەو ڕووخان دەچن.

زیاتر گوتی، هەیكەلی شوقەكان ئێستە بووەتە شوێنی مەی خواردنەوەی گەنجان و هیچ پاسەوانێكیشی نییە، بۆیە پێویستە حكوومەت بیر لە دابەشكردنی ئەو یەكانە بكاتەوە و بیداتە هاووڵاتییان.

ئەو هاووڵاتییە دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە چەندان خێزانی كەمدەرامەت لە سنوورەكەدا هەیە و پێویستیان بە یەكەی نیشتەجێبوونی گونجاو هەیە، بەڵام ڕاگیرانی ئەو پڕۆژەیە زیانی گەورەی هەیە.

هاوكات، ئازاد حاجی ئەحمەد شارەزای ئابووری بۆ "وشە" گوتی، دروستكردنی ئەو پڕۆژەی نیشتەجێبوونە لە شارەزووردا و دابەشنەكردنی بەسەر هاووڵاتییاندا چەندان زیانی دارایی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە، پڕۆژەكە نیووەی تەواو كرابوو، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی حكوومەتی هەرێم و ئیدارەی سنوورەكە ئەگەر بیانەوێ‌ دابەشی بكەن دەبێت كۆمەڵێك پارەی تری لێ‌ خەرج بكەن كە ئەمە كاریگەری لەسەر داهاتی گشتیی دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەم زەوییەی كە پڕۆژەكەی تێدا كراوە زەوییەكی كشتوكاڵی بووە، ئەگەر ئەم پڕۆژەی نیشتەجێبوونە نەبوایە لە ڕووی ئابورییەوە چەندان خێزان لە سنوورەكە سوودیان لەو زەوییە كشتوكاڵییە وەردەگرت، بۆیە ئەوەیش زیانێكی ترە بەر هاووڵاتییانی سنوورەكە كەوتووە.

بە پێی خەمڵاندنێكی قایمقامییەتی شارەزوور پڕۆژەكە ئەگەر تەواو بكرێت بڕی 300 ملیۆن دیناری پێویستە و ڕزگار غەفوور قایمقامی شارەزوور بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاتێك كە ئەم پڕۆژەیەی نیشتەجێبوونانە دروستكراوە كەموكوڕی هەبووە دواتریش ئەم تەنگژە داراییەی بەسەردا هاتووە و ئێستە ناتوانرێت پڕۆژەكە تەواو بكرێت.

قایمقامی شارەزوور زیاتر گوتی، پێشتر ڕازی نەبووین بەم كەموكوڕیانەوە پڕۆژەكە وەربگرین، بەڵام دواتر بەڵێن درا بە 300 ملیۆن دینار پڕۆژەكە تەواو بكرێت و تا ئێستەیش تەواو نەكراوە و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێم ڕای گەیاندووە ناتوانن ئەو پارەیە دابین بكەن.

لەبارەی ئەوەی پارێزگاری لە پڕۆژەكە نەكراوە و لەلایەن هاووڵاتییانەوە پڕۆژەكە بۆ كاری تر بەكاردەهێنرێت، قایمقامی شارەزوور ئاماژەی بەوەكرد، پارێزگاری سلێمانی ئامادە نەبوون پۆلیسی تایبەت بۆ پڕۆژەكە دابین بكرێت تا پارێزگاری لێ‌ بكرێت، بۆیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە شوقەكان وێران كراون.

سەباح فەتاح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ساڵێكە ئەو پڕۆژەی نیشتەجێبوونە دروستكراوە بڕیاری بۆ وەرگیرابوو كە بەشێكیان بۆ هاووڵاتییانی كەمدەرامەت بێت و بەشێكی تریش بۆ فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێم بێ‌ لە سنوورەكەدا، بەڵام بەهۆی تەواو نەكردنی پڕۆژەكە ئێستە نەتوانراوە دابەش بكرێت.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوانەی دەبوونە خاوەنی ئەو شوقانە فۆڕمێكی تایبەتیان وەرگرتبوو، فۆڕمەكان بە چەند شێوەیەك وردبینی كراو دوای ئەوەیش ڕەوانەی تاپۆ و شارەوانی و كۆمەڵەی هەرەوەزی كرا  بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو كەسانەی بڕیاری ئەو یەكەی نیشتەجێبوونانە وەربگرن پێشتر سوودمەند بوون لە كەرتی گشتی حكوومەت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دووپاتی كردەوە كە پڕۆژەكە ئێستەیش كێشەی ئاو و كارەبای هەیە سەرباری ئەوەی شوقەكان لەلایەن هاووڵاتییانی سنوورەكەوە شێوێنراوە و هیچ پاسەوانێكیشی نییە.

هاووڵاتییانی سنوورەكە پێیان وایە ئەگەر هاتوو ئەم پڕۆژەیە تەواو بكرێت ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی سنوورەكە دەبنە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوون، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان حكوومەتی هەرێم توانای دروستكردن و دابەشكردنی هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبوونی نییە و ئەو پڕۆژانەیشی كە لەچەند ساڵی ڕابردوو بڕیاری دروستكردنیان درابوو بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

شارەزوور دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی سنوورەكە وەك پارێزگا ناسراوە و لەماوەی رابردوو بڕیاری ئەنجامدانی چەندان پڕۆژەی بۆ دراوە، بەڵام بەشێكی زۆر لە پڕۆژەكانی سنوورەكە تەواو نەكراوە و هاوكات هیچ بودجەیەكیش بۆ پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە دابین نەكراوە.

شارەزوور/ یەحیا جاف

















وشە - سه‌رخێڵ هاشم