" كۆمەڵی ئیسلامی تووشی كێشە دەبێت و دەنگەكانی كەم دەكات"

:: PM:08:39:19/02/2018 ‌
شارەزایەكی بواری ئیسلامی سیاسیی پێی وایە، كۆمەڵی ئیسلامی ئێستە كێشەی گەورەی ناوخۆیی هەیە و ڕای گەیاند، لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا ڕێژەی دەنگەكانی كەم دەكات بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان.

سۆران سێوكانی، شارەزای بواری ئیسلامی سیاسیی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی ئێستە بە دەست چەندان كێشەی گەورەی ناوخۆی دەناڵێنێت و لە هەڵبژاردنی داهاتووش ناتوانێت سەركەوتووبێت و ئاستی خۆی لە ناو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان بەرز بكاتەوە.

زیاتر گوتی، دەبێت كۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی بۆ ئەوە ئامادە بكات كە ڕێژەی دەنگەكانی كەم بكات، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، چونكە هاووڵاتییانی هەولێر كەسانی ئیسلامین و ئەوان لەگەڵ ئەوە نین كە كۆمەڵ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانی بەستووە، بۆیە دەنگی نادەنێ‌ و پێیان وایە لە قیامەت بەرپرسیار دەبن.

" كۆمەڵی ئیسلامی كێشەی گەورەی هەیە، دەرچوونی چەند كەسێك لەناو حزبەكە كاریگەری گەورەی لەسەریان دروست كرد، ئەوەیش لەسەر بابەتی پۆست و پلە و پایەیە، بەشێكی تری كێشەكان پێوەندی بە ئاستی عەلی باپیر هەیە" سێوكانی وادەڵێت.

ئەو شارەزایەی بواری ئیسلامی سیاسیی پێی وایە، عەلی باپیر كۆمەڵێكی لە دەووری خۆی كۆكردوەتەوە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی، بۆیە ئایندەی كۆمەڵ بەرەو باشی ناچێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر هەفتەنامەی "وشە" لە ڕاپۆرتێكدا ڕای گەیاندبوو، كۆمەڵی ئیسلامی بەهۆی جیابوونەوەی چەند كادرێكی تووشی كێشە بووە، هاوكات چەندان جار ڕەخنە لەو حزبە گیراوە بەهۆی ئەوەی بووەتە هۆی تێكدانی بەرەی ئیسلامی و هاوپەیمانی لەگەڵ یەكگرتوو بزووتنەوە نەكردووە و لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانە.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم