سەركردایەتی یەكێتی بڕیار لەسەر دەركردنی ئاڵا تاڵەبانی دەدات

:: PM:09:29:19/02/2018 ‌

خۆكاندید كردنی ئاڵا تاڵەبانی لە لیستێكی عەرەبی لە بەغدا كاردانەوی لێ‌ كەوتەوە و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بڕیار لەسەر دەركردنی ئەو پەرلەمانتارەی دەدات.

بەپێی ناوی كاندیدانی لیستێكی عەرەبی كە "وشە" بڵاوی دەكاتەوە ناوی ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی تێدایە و ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دووپاتی دەكاتەوە كە حزبەكەی ئاگەداری ئەو كارەی ئاڵا تاڵەبانی نییە، چونكە ئەگەر لە لیستێكی تر كاندید بێ‌ ئەوە دەبێت ئەندامێتی لەناو یەكێتیدا نەمێنێت.

ئەو لیستەی كە ئاڵا تاڵەبانی تێیدا كاندیدە مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، سەرۆكایەتی دەكات و ئاڵا لەسەر بازنەی بەغدا خۆی كاندید كردووە.

سەرچاوەیەكی تایبەت لەناو یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاڵا تاڵەبانی كە تا ئێستە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لیستێكی عەرەبی خۆی كاندید كردووە و بەوپێیە بێت دەبێت ئەندامێتی لەوكەسە وەربگیرێتەوە لەناو یەكێتی.

هاوكات، نەسروڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەركردایەتی یەكێتی ئاگەداری خۆكاندیدكردنی ئاڵا تاڵەبانی نییە كە لەسەر لیستێكی عەرەبی لەبازنەی بەغدا خۆی كاندید كردبێت.

سورچی زیاتر گوتی، دەركردنی ئاڵا تاڵەبانی لەناو یەكێتی بڕیاری كەسێك و دوو كەس نییە، بەڵكو پێویستە سەركردایەتی ئەو حزبە لەسەری كۆ ببێتەوە بڕیاری لەبارەیەوە بدات.

ئاڵا تاڵەبانی یەكێكە لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی ماوەی دوو خوولە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراكسیۆنی یەكێتی و یەكێك بووە لەوانەی كە بەردەوام هەڵوێستی جیاوازی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەبووە و زۆرجار هەڵوێستەكانی زیانی گەورەی لە كوردستان داوە لە بەغدا، هاوكات ئاڵا تاڵەبانی پشتیوانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی كرد كە لەلایەن چەند كەسێكی ناو یەكێتی خیانەتەكە لە كوردستان كرا.

پێشتر لەمیانەی دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی "ئیفاق"ی سەر بە نووری مالیكی، ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد كە تاڵەبانییەكان لە بنەڕەتدا شیعەن و سەر بە عەشیرەتی "ئەسەدی" شیعەی عێراقن.    







وشە - سه‌رخێڵ هاشم